
ئەو ئافرەتەی 11 جار بە فەرمی و 13 جاریش بە شێوەی كاتی هاوسەرگیری كردووە، بە تۆمەتی كوشتنی گشت هاوسەرەكانی دەستگیر كراو دانی بە كوشتنی 11 مێردی فەرمی نا.
ئەو ئافرەتە لە دادگا گووتی “ئەگەر بمزانیبایە دەگاتە ئەم ئاستە، ئەم کارانەم نەدەکرد”.
کەلسووم ئەکبەری، لە دووهەمین دانیشتنی دادگا سەبارەت بە تۆمەتەکانی كە بریتی بوونە لە كوشتنی یەك بەدوا یەكی پیاوانی پارێزگای مازەندەرانی ئێران، دانی بە تاوانەكەی دانا. ئەو ئافرەتە تۆمەتبارە لە كاتی دانیشتنی دادگایی كردنەكەی بە دادوەرانی گووتووە ” ئێستا تەوبەم کردووە، بەڵێن دەدەم ئەگەر ئازاد بکرێم، ژیانێکی تەندروست دەست پێدەكەم و جارێکی دیکە ئەو هەڵانە ناکەمەوە”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەی (ئیرنا)، هەرچەندە ئەم ژنە تەمەن 56 ساڵە دانی بە کوشتنی 11 پیاودا ناوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا 13 جار هاوسەرگیری كاتیشی كردووە و هەموو پیاوەكان گیانیان لەدەستداوە، لەبەر ئەم هۆکارەش پێدەچێت ژمارەی قوربانیان زیاتر بێت”

































































