زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند شاندێکی هاوپەیمانان کە پێکهاتبوو لە مێجەر مارک و مێجەر پیتەر، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کردووە و لە بارەگای بەڕێوبەرایەتیی پلاندانان و ڕێکخستنی میلاکات، لە لایەن لیوا ڕوکن کارزان شەقڵاوەیی، بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکات و عەمید روکن حاتەم زرار، جێگری بەڕێوەبەر پێشوازییان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوە چووە، دوا هەنگاوەکانی چاکسازی لەبواری ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا تاوتوێ کرا. هەروەها باس لە ڕێکارەکانی پێکهێنانی فیرقەکانی پیادە و قۆناغەکانی دامەزراندنی فەرماندەیی دەڤەرەکان کرا.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندووە لەم کۆبوونەوەیەدا شاندی هاوپەیمانان جەختیان لە بەردەوامیی هاوکاری و پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە کردەوە.































































