قائیمقامی سۆران: هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ جێبەجێ كردنی داواكاری دانیشتوان
زاری كرمانجی :
دانیشتوانی گوندی دێڵزیانی سەر بە ناحیەی دیانا، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی گرفتی زۆریان بۆ دروست بووە و لە ڕێگەی زاری كرمانجی داوای پڕۆژە لە حكوومەت و لایەنی پەیوەندی دار دەكەن .
ئیسلام عیرفان هاووڵاتییەكی گوندی دێڵزیانە، بە زاری كرمانجی گووت:” 10 ساڵە دانیشتووی دێڵزیانم، تا ئێستا بێبەشین لە سەرجەم خزمەتگوزاریەكانی وەك ئاو، كارەبا و قیڕتاوكردنی ڕێگا، سەرجەم ئەو خزمەتگوزاریانەمان لەسەر ئەركی خۆمان هێناوە، پێویستە حكوومەت هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتانەمان بۆ بدات .
بە گووتەی ئەو هاووڵاتییە، چەندین جار سەردانی سەرۆك شارەوانی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیان كردووە، دەڵێت:”بەڵێنی قیڕتاوكردنی ڕێگا و ڕاكێشانی ئاو و كارەبایان پێداوین بە شێوەیەكی ئەندازەیی، بەڵام تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەك لە گەڕەك و كۆڵانەكانی ئێمە جێبەجێ نەكراوە، بە تایبەت ڕێگاكەمان لە زستان و هاوینان گرفتی زۆری هەیە پێویستە حكوومەت بەدەم داواكاری ئێمەوە بێت و داواكاریەكانمان جێبەجێ بكات.
باوكی دیار هاووڵاتییەكی هەمان گوندە، بە زاری كرمانجی گووت:” لە گوندی دێڵزیان زۆر شوێن كاری قیڕتاوكردن و پڕۆژەی دیكەی لێ جێبەجێ كراوە، ئەوەی گرفتی زۆری بۆ دروستكردووین خراپی رێگاوبان و پڕۆەی ئاو و كارەبایە، بەڵێنیشیان پێداوین كە ئەو پڕۆژانەمان بۆ جێبەجێ بكەن تا ئێستا هیچمان بۆ نەكراوە، داوا دەكەین لە ڕێگەی زاری كرمانجی هەرچی زووە وەك شوێنەكانی دیكە پڕۆژەمان بۆ جێبەجێ بكرێن”.
لای خۆیەوە، ڕەجەب زوبێر قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ئێمە لە قەزای ناوەندی سۆران بە تایبەت دوای هێنانە كایەی ئیدارەی سەرەبخۆی سۆران لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی و تایبەتمەندیەكی زۆر بەو دەڤەرە دراوە، كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لەو سنوورە جێبەجێ كراون كە خواستی چەند ساڵەی دانیشتوانی ئیدارەی سۆران بووە، 90%ی گەڕەكەكانی سۆران پڕۆژەی خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە.
قائیمقامی سۆران، دەڵێت:” بەداخەوە ئەمساڵ حكوومەتی عێراق بەشێوەیەكی ئاشكرا دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەستاوەتەوە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی كردۆتە سەر جێبەجێ كردنی پڕۆژەی نوێ لە پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆكان، بۆ ئەو گەڕەكەی دێڵزیان لە نزیكەوە بەدواداچوون دەكەین و هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكانیان دەدەین.
گووتیشی:” جیا لە دێڵزیان لە گەڕەكەكانی ئیسقەلا و چەند گەڕەك و كۆڵانێكی دیكە گرفتیان هەیە و نەتوانراوە پڕۆژەكان بكەونە واری جێبەجێ كردن یا بەرەوپێش بچێت، بۆیە بەگشتی هەر شوێنێك پێویستی بە خزمەتگوزاری هەبێت، وەكو قائیمقامیەت و تەواوی فەرمانگەكانی دیكەی حكوومەت لە خزمەت هاووڵاتییان و دانیشتوانی سنوورەكەمانداین و كێشە و گرفتەكانیان چارەسەر دەكەین.
گوندی دێڵزیان دەكەوێتە سنووری ناحیەی دیانا و یەكێكە لە ناوچە گرنگ و ستراتیژییەكان، خاوەنی بەرفراوانترین دەشتە لە ناوچەكە، هەریەك لە باڵەخانەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران و زانكۆ و كۆلیژی تەكنیكی سۆران لەو گوندەن و ڕۆژانە كار و باری هاووڵاتییان و قوتابییانی لێ ڕای دەكرێت .

































































