زاری كرمانجی-سۆران:
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای دەكات، لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو (مانگی 11) بۆ ماوەی 9 رۆژ پشوو رادەگەیەنرێت بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جەختیش دەكاتەوە كە پشووەكە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ میدیاكانی عێراق رایگەیاندووە: بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بڕیار دەدرێت بۆ ماوەی 9 رۆژ پشوو لە قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن رابگەیەنرێت.
راشیگەیاندووە: پشووەكە لە رۆژی 5 تاكو 13ی تشرینی دووەم دەبێت.
جومانە غەلای هەروەها گوتوویەتی: پشووەكە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەگرێتەوە.
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەختیشی كردۆتەوە كە 8 هەزار ناوەندی خوێندن لە تەواوی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریكراوە.
بڕیارە لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت كە لە 329 كورسی پەرلەمانی پێكهاتووە.


































































