پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2025/9/14 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازيى له شاندێكى ئاشوورييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا به سه‌رۆكايه‌تيى سام ده‌رمۆ، سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌ى ئاشوورييه‌كان له‌پێناو دادوه‌ريدا كرد, كه له ژماره‌يه‌ك له كه‌سايه‌تييه دياره‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئاشووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له ئه‌مه‌ريكا، پێكهاتبوون.
له ديدارێكدا, دۆخى ئاشوورييان و پێكهاته‌كان له عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى تاوتوێ كرا و ده‌رباره‌ى ڕۆڵ و پێگه و ئاماده‌يى و ئێستا و داهاتووى ئاشوورييان و پێكهاته‌كان له هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييهوه.
شاندى ميوان ستايش و پێزانينى خۆى بۆ پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردنى نێوان پێكهاته‌كان له هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌رێمى كوردستانيان كرد بۆ ئه‌و پشتيوانى و هاوكارييه‌ى له‌دواى ساڵى 2003ـه‌وه له هه‌رێمى كوردستان وه‌ك په‌ناگه‌يه‌كى ئارام بۆ ئاشوورييه‌كان و پێكهاته‌كان به‌گشتى، پێشكه‌شى كردووه.
لاى خۆيه‌وه , نێچيرڤان بارزانى وێڕاى نيشاندانى خۆشحاڵى، سه‌ردانى شانده‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان به گرنگ و پێويست بۆ كارى هاوبه‌ش له قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له سياسه‌ت و هه‌ڵوێستى نه‌گۆڕى هه‌رێمى كوردستان له پاراستنى پێكهاته‌كان و كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان كرده‌وه، هه‌روه‌ها ستايشى ڕۆڵ و هاوبه‌شيى ئاشوورييان و پێكهاته‌كانى له هه‌موو كايهكانى ژياندا له هه‌رێمى كوردستان، كرد.
ئامادەیی و بەشداریی ره‌وه‌ندى ئاشوورى و پێكهاته‌كان له ئه‌مه‌ريكا و ده‌ره‌وه‌ى وڵات به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوون.

































































