ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی ئیمارات و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکوومی و کەسایەتییە دیارەکان، ئەمڕۆ ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە دەرچوونی خولی پێنجەمی قوتابیانی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزمی ئەنجام دا. لەم ڕێوڕەسمەدا پڕۆژەیەکی نوێ بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ منداڵانی ئۆتیزم ڕاگەیەندرا، کە بە ئامانجی گەیاندنی ئەم خزمەتگوزارییانە بە هەموو شارەکانی کوردستان و بە شێوازێکی زانستی و ستانداردی جیهانی کار دەکات.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕایگەیاند: “سەرۆک بارزانی بە گرنگییەوە سەیری ئەم پڕۆژەیەی کردووە و زۆری پێخۆشە. هەروەها، بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەو باڵەخانەیەی کە لەلایەن وڵاتی ئیماراتەوە دروست کرابوو، پێشکەشی دەزگاکەمان کرد.” موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا “ئێمە شانازی بە مامۆستایانمانەوە دەکەین کە هاوکارمانن لەم هەنگاوە گرنگەدا.”
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پڕۆژەیە لە سۆران دەستی پێکردووە لە چوارچێوەی کۆمەڵگای دایکدا و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لە زاخۆ دەست پێدەکات. گوتیشی: “چەندان سەنتەری بچووکترمان هەیە لە ناوچەکانی دیکە و هەموو هەوڵێکمان ئەوە دەبێت کە هیچ شارێکی کوردستان بێبەش نەبێت لەم پڕۆژەیە.”

































































