مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
یەكێتیی جووتیارانی كوردستان هۆشداری بە جووتیاران دەدات ئەگەر لە پلانی كشتوكاڵدا ناوی خۆیان تۆمار نەكەن، ساڵی داهاتوو گەنمەكەیان وەرناگیرێت .
هەڵكەوت محەممەد، گوتەبێژی یەكێتیی جووتیارانی كوردستان ڕاگەیاند “لە ئێستادا لە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ، تۆماركردن بۆ پلانی كشتوكاڵیی وەرزی نوێی چاندن دەستیپێكردووە و پێویستە جووتیاران فۆرمی تایبەت پڕ بكەنەوە.”
لە فۆرمەكەدا زانیاریی تەواو لەبارەی جووتیارەكە و بڕی دۆنمی زەوییەكەی، چەند دەچێنێت بە دانەوێڵە، زەوییەكەی ئاوییە یان دێمی تۆمار دەكرێت.
گوتەبێژی یەكێتیی جووتیاران دەشڵێت “ساڵی داهاتوو عێراق ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی هەرێم دیاری دەكات، بەگوێرەی ئەو پلانە ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاری دەكرێت و هەركەس ئەو فۆرمەی نەبێت هیچ بڕە گەنمێكی لێوەرناگیرێت.”

































































