ئەمڕۆ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تیروپشك بۆ كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان دەكات، پارەی ئەو كارمەندانە لە 150 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 400 هەزار دینار.
عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی میدیایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەك شەممە لە نووسینگەی نیشتمانیی كۆمیسیۆن لە شاری بەغدا تیروپشك بۆ كارمەندانی بنكەكانی دەنگدان دەكرێت، كە زیاتر لە 900 هەزار كەس داواكارییان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی وەك كارمەندی دەنگدان وەربگیرێن لەو ژمارەیە 250 هەزاریان وەردەگیرێن.
ئەنجوومەنی كۆمیسیاران وردەكاریی پارەی كارمەندانی دەنگدانی دیاریكردووە كە لە 150 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 400 هەزار دینار، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، ئەگەر ئەو كارمەندەی دەنگدان وەردەگیرێ فەرمانبەری حكوومەت بێت و هاوئاهەنگیكاری ناوەندی دەنگدان بێت، 300 هەزار دینار وەردەگرێ، ئەگەر بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان بێت 200 هەزار دیناری پێدەدرێ و ئەگەر فەرمانبەری ناوەند یان وێستگەی دەنگدانیش بێت 150 هەزار دینار وەردەگرێت.
ئەگەر كارمەندی دەنگدان قوتابی یان دەرچووی زانكۆ بێ و كاری هاوئاهەنگیكاری ناوەندی دەنگدان بێ، 400 هەزار دینار وەردەگرێ، ئەگەر بەڕێوەبەری ناوەند بێ 300 هەزار و ئەگەر كارمەندی ناوەند یان وێستگەی دەنگدان بێ 250 هەزار دینار وەردەگرێت، بەگوێرەی بڕیاری كۆمیسیۆن، كارمەندی دەنگدان تەنیا پاداشتی دارایی بۆ یەكێك لەو دوو ڕۆژەی هەڵبژاردن وەردەگرێ، بەڵام ئەگەر پێویست بوو كارمەندێك لە هەردوو ڕۆژی هەڵبژاردن كاربكات، 100 هەزار دیناری دیكەی دەدرێتێ.
ئەو كارمەندانەش كە وەك یەدەگ وەردەگیرێن و ڕێژەكەیان 5%ی تێكڕای ئەو كارمەندانەیە لە تیروپشكەكەدا وەردەگیرێن، ئەگەر فەرمانبەری حكوومەت بن 50 هەزار دینار و ئەگەر قوتابی یان دەرچووی زانكۆ بن 100 هەزار دینار وەردەگرن.
بەگوتەی بەرپرسانی كۆمیسیۆن، زیاتر لە 21 ملیۆن و 700 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان و عێراق ناویان تۆماركراوە و مافی دەنگدانیان هەیە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بكرێت، پەرلەمانی عێراق لە 329 كورسی پێكدێت كە 320ـیان گشتین و 9 كورسیشیان كۆتان.




























































