ڕاپرسییەکی نوێی “گوگڵ کڵاود” دەریخستووە کە 90٪ـی گەشەپێدەرانی یارییە ڤیدیۆییەکان، تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد بۆ ئاسانکردن و ئۆتۆماتیکیکردنی ئەرکەکانیان بەکاردەهێنن.
زۆربەی بەشداربووان ئاماژەیان بەوەداوە کە زیرەکیی دەستکرد یارمەتییان دەدات لە جێبەجێکردنی کارە دووبارە و بێزارکەرەکان، ئەمەش وایکردووە بتوانن زیاتر سەرنجیان لەسەر لایەنە داهێنەرانەکانی کارەکەیان بێت.
پەنابردنی گەشەپێدەران بۆ ئەم تەکنەلۆژیایە لە کاتێکدایە کە پیشەسازییەکە ڕووبەڕووی بەرزیی تێچووی بەرهەمهێنان و شەپۆلێکی فراوانی دەرکردنی کارمەندان بووەتەوە و بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
توێژینەوەکە لەلایەن گوگڵ و دامەزراوەی “هاریس پۆڵ”ەوە ئەنجامدراوە و 615 گەشەپێدەر لە ئەمریکا، کۆریای باشوور، نەرویج، فینلەندا و سوید بەشدارییان تێدا کردووە.































































