پەیامنێری ئەلعەرەبیە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، پرۆسەکە لە کەمپی بەدەوی لە باکووری لوبنان دەستیپێکردووە و لە هەمان کاتدا گەیشتووەتە کەمپی عەین ئەلحەلوە لە ڕۆژهەڵاتی باشووری شاری سیدۆن. کەمپێک کە زۆرێک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی ئەمنی بە گەورەترین و لە هەمان کاتدا بە “مەترسیدارترین” کەمپی فەلەستینی دەزانن.
بڕیارە ئۆپەراسیۆنەکە سێ ڕۆژ بخایەنێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەیامنێری ئەلعەرەبییە، ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و گرووپە سەر بە ڕێکخراوەکانی، چەند بارهەڵگرێکیان ڕادەست کرد کە چەکیان پێبوو، لەوانە تەقەمەنی، مین و مووشەک.
هەروەها هێزە ئەمنییەکانی فەلەستین بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە پێنج بارهەڵگر چەکیان لە کەمپی عەین ئەلحەلوە و سێ بارهەڵگری دیکەی کەمپی بەدەوی ڕادەستی سوپای لوبنان کردووە.
هاوکات، دانوستان و ڕاوێژ لەگەڵ حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆ ڕادەستکردنی چەک بەردەوامە، دوای ئەوەی ئەو دوو گرووپە دژایەتی خۆیان بۆ داماڵینی چەک ڕاگەیاند.
































































