
مناڵێکی کوردی تەمەن پێنج ساڵان بە ناوی لیسا سەردار، لەدایک بووی وڵاتی بەریتانیایە و لە شاری نۆتنگهام دەژی، پلەی دووەمی لە پێشبڕکێی خوێندنەوەی کتێبی منداڵاندا بەدەستهێنا.
لیسا، تاکە منداڵی کورد بوو لە گرووپەکەیدا، لە ماوەی پشووی هاوینەدا توانی بیست و چوار کتێبی منداڵان بخوێنێتەوە. ئەم کتێبانە چیرۆک و بابەتی بەسوود بوون بۆ بەهێزکردنی بیر و هۆشی منداڵان.
لیسا بووە یەکەم منداڵی کورد کە بڕوانامەی خوێندنەوەی کتێبی منداڵانی بە زمانی ئینگلیزی لە بەریتانیا بەدەست هێنا بێت.
لەم بارەیەوە، لیسا بۆ پەیامنێری زاری كرمانجی دواو گووتی ” زۆر حەزم لە خوێندنەوەیە و هیوادارم لە داهاتوودا ئاستی خوێندنەوەم زیاتر بکەم و بەردەوام بم. بەتایبەتی لە کاتی پشووەکاندا چێژ لە خوێندنەوەی کتێبی منداڵان وەردەگرم و شەوانیش چیرۆک دەخوێنمەوە.”
هەروەها گووتیشی: “من سوودێکی زۆرم لە پشووی هاوین وەرگرت و توانیم ڕێژەیەکی زۆر لە کتێبەکانی منداڵان بخوێنمەوە. ئەمڕۆ لەلایەن شارەوانی نۆتنگهامەوە بڕوانامەی خوێندنەوەی کتێبی منداڵانم بە زمانی ئینگلیزی وەرگرت.”
لیسا پەیامێکیشی بۆ منداڵانی جیهان و کوردستان هەیە و دەڵێت: “داوا لە منداڵانی جیهان و کوردستان دەکەم کتێبی منداڵان بخوێنمەوە، چونکە بیر و هۆشیان فراوان دەکات. دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپاد، چونکە زۆر بەکارهێنانی بۆ منداڵ خراپە.”
لەکۆتاییدا، لیسا سوپاسی دایک و باوکی دەکات کە ڕێگەی خوێندنەوەی کتێبی منداڵانیان نیشانداوە و هانیان داوە کە لە مۆبایل دووربکەوێتەوە. ئەو دەڵێت: “دەمەوێت بڵێم من یەکەم منداڵی کوردم کە بڕوانامەی خوێندنەوەم پێدراوە لەلایەن شارەوانی نۆتنگهام لەوڵاتی بەریتانیا.”

































































