دوای بڵاو بوونەوەی گرتەیەك كە دوو كەس كلكی ریوییەك دەبڕنەوە، ئاسایشی هەولێر بە هەماهەنگیی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ئەو کەسانەیان دەستگیر کرد
گرتەیە ڤیدیۆییەكە لە سۆشیال میدیا بڵاو كراوەتەوە، پاش ئەوەی ئەو كەسانە بە ئۆتۆمبێل ڕێویەک دەشێلن و برینداری دەکەن، لەبری ئەوەی چارەسەری بۆ بکەن، کلک و گوێی بە برینداری دەبڕنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە، ئەو کەسانەی لە هەولێر گرتە ڤیدیۆیەکیان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و تێیدا نیشانی دەدەن، پاش ئەوەی بە ئۆتۆمبێل ئاژەڵێکیان شێلاوە کە(ڕێوی)یە، لە بری ئەوەی بیگەیەننە ڤێتێرنەرییەک و چارەسەریی بۆ بکەن، کەچی بە برینداری کلک و گوێی ئاژەڵەکە دەبڕن و بەدیارییەوە پێدەکەنن و گاڵتە دەکەن.
ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دەستنیشانکردنی کەسەکان و توانیوویانە لە ماوەیەکی کورتدا بیاندۆزنەوە و بە بڕیاری دادوەر، دەستگیریان بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی ئاسایشی هەولێر، ئەو کەسەی تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکەیە، عەرەبە و خەڵکی سووریایە، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە، ئێستا لەگەڵ هاوکارێکی دیکەی، لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.


































































