شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر، ڕۆژی هەینی 11ی ئەیلول دوو دیداری باڵای لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجامدا، سەرەتا لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبووەوە، دواتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نیویۆرک نانی ئێوارەیان خوارد.
کەناڵی جەزیرە بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتتاکەر، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئامادەبوو.
دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە دۆحە، ئەمە یەکەم دیداری بەرپرسانی قەتەر و بەرپرسانی ئەمریکا بوو.
هەرچەندە تا ئێستا بەیاننامەیەکی فەرمی لەسەر ناوەڕۆکی دانوستانەکان دەرنەچووە، بەڵام پەیامنێری کەناڵی جەزیرە لە واشنتۆن ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ڕوبیۆ و ڤانس باس لە ڕێککەوتنە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە کە لە گەشتەکەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدراون.
































































