شەهلا سۆفی- زاری كرمانجی :
میدیاكانی پۆڵەندا بڵاویانكردەوە، یەكێك لەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی ڕووسیا كە لە ناوەڕاستی وڵات كەوتووەتە خوارەوە، ڕەنگە فڕۆكەیەكی “شاهد 136” یان گران-2 بووبێت كە لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە دروستكراوە.
سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا خوازیاری چالاككردنی مادەی چوارەمی پەیماننامەی ناتۆ بوو و ڕایگەیاند كە ژمارەیەكی زۆر فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ڕووسی لە خاكی بێلاڕووسەوە چوونەتە ناو ئاسمانی پۆڵەندا.
بەرپرسی كاروباری ڕووسیا بانگهێشتنامەكەی بۆ وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشكرد، وارشۆ هیچ بەڵگەیەكی نەخستووەتەڕوو كە ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی چوونەتە ناو ئاسمانی پۆڵەندا ڕووسی بن.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا، هاتنە ناوەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ڕووسی بۆ ناو ئاسمانی پۆڵەندا ڕووداوێك نییە، بەڵكوو بە كردەوەیەكی “ئەنقەست”ی ناوبرد.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە، وڵاتانی ناتۆ، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و هۆڵەندا بەشدارییان لە دۆزینەوە و خستنە خوارەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ڕووسیا لە ئاسمانی پۆڵەندا كردووە.
كاربەدەستانی ئەورووپایی پێشێلكردنی ئاسمانی پۆڵەندایان لە لایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ڕووسیاوە ئیدانە كرد و جەختیان لە بەهێزكردنی ئاسایشی كیشوەرەكە كرد.

































































