بابەتی دەیەم: ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی؛ پردێك لەنێوان گەنجان و دەرفەتەكانی كاردا

كامەران ئیبراهیم شێروانی / مامۆستای زانكۆ
بێكاری كێشەیەكی فرە ڕەهەندە و چارەسەركردنی تەنها بە حكومەت ناكرێت. ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی (NGOs) دەتوانن ڕۆڵێكی كاریگەر بگێڕن لە كەمكردنەوەی بێكاری و دروستكردن و ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان. ئەم ڕێكخراوانە، بەهۆی سروشتی كارەكانیان كە زیاتر جەماوەری و خۆبەخشانەیە، وەك پردێك لەنێوان گەنجانی بێكار و دەرفەتەكانی بازاڕدا كار دەكەن.
ڕێكخراوە ناحكومییەكان خاوەنی چەندین تایبەتمەندین وەك نزیكبوونەوە لە كۆمەڵگە و گەنجان، خێرایی و نەرمی لە كاركردندا، توانای كۆكردنەوەی پاڵپشتی دارایی و تەكنیكی، و فۆكەسكردن لەسەر ئەو لایەنانەی كە ڕەنگە حكومەت كەمتر گرنگی پێدابێت.
ڕێكخراوەكان دەتوانن بە چەندین شێواز هاوكاری و پشتیوانی گەنجان بكەن لە ڕووی دەرفەتەكانی كاردا. یەكێك لەوانە پڕۆگرامەكانی ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناكانە، وەك ڕاهێنانی پیشەیی لە بوارەكانی كارەبا، بۆریچی، دیزاینی گرافیك، پەرەپێدانی وێبسایت، یان فێركردنی زمانە بیانییەكان. هەروەها دەتوانن شارەزاییەكانی ژیان، وەك نووسینی CV و ئامادەكاری بۆ چاوپێكەوتن، پێشكەش بكەن.
شێوازێكی دیكە بریتییە لە پاڵپشتی كارسازی و پڕۆژە بچووكەكان، كە لە ڕێگەی هاندانی بیرۆكە نوێیەكان و دابینكردنی قەرزی بچووك یان یارمەتی سەرەتایی بۆ ئەو گەنجانەی دەیانەوێت پڕۆژەی خۆیان دەست پێ بكەن. ڕێكخراوەكان دەتوانن ڕاوێژی یاسایی و كارگێڕیش پێشكەش بكەن بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی نوێ لەلایەن گەنجانەوە.
تۆڕبەندی و بەستنەوەی گەنجان بە بازاڕی كارەوە یەكێكی ترە لە كارەكانیان، وەك ڕێكخستنی فیستیڤاڵی كار و پیشە، و دروستكردنی داتابەیسێكی كارا بۆ گەنجانی بێكار و كۆمپانیاكان.
سەرەڕای تواناكانیان، ڕێكخراوە ناحكومییەكان لە كوردستاندا هەندێك جار وەك پێویست بە ئەركەكانیان هەڵناستن بەهۆی فۆكەسكردنیان لەسەر پڕۆژەی كورتخایەن و نەبوونی ستراتیژییەكی درێژخایەن. هەندێكیان زیاتر سەرقاڵی بەدەستهێنانی بودجە و دابینكردنی هەلی كارن بۆ ستافی خۆیان.
لە وڵاتانی جیهان، ڕێكخراوەكان ڕۆڵێكی بەرچاو دەگێڕن لە كەمكردنەوەی بێكاری و فەراهەمكردنی كار ئاسانی بۆ گەنجان، بۆیە ڕێكخراوەكان لە كوردستان دەتوانن سوود لەم مۆدێلانە وەربگرن و بە شێوازێكی هاوشێوەی ئەوان كار بكەن.
كەمی بودجە، نەبوونی ستافێكی شارەزا و هەندێكجار دەستوەردان لە كارەكانیان ئاستەنگن بۆ ڕێكخراوەكان. بۆیە، هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت و كەرتی تایبەتدا زۆر گرنگە بۆ كاریگەری زیاتری پڕۆژەكانیان.
لە كۆتاییدا، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن ببنە هێزێكی داهێنەر لە چارەسەركردنی كێشەی بێكاری. بەهۆی نزیكبوونەوەیان لە گەنجان و توانای داهێنان و نەرمی لە كاركردندا، دەتوانن دەرفەتی كاری نوێ دروست بكەن. گەر بە شێوەیەكی ستراتیژی و هەماهەنگی كار بكەن، دەتوانن پردێكی پتەو بن لەنێوان گەنجانی خاوەن هیوا و دەرفەتەكانی داهاتوودا.

































































