مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ئەیلوول پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵكی كوردستان و یەكگرتوویی گەلی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولدا.
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ بە ڕێز و شكۆوە، یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان جەنابی بارزانیی نەمر دەكەینەوە، كە شۆڕشێكی سەرتاسەریی خەڵكی كوردستان بوو بە هەموو نەتەوە و ئایین وپێكهاتە جیاوازەكانەوە، لەپێناو بەرگریكردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان و وەستانەوە دژی ستەم و داگیركاری.
سەرۆكی حكوومەت، دووپاتی لەوەکردەوە، بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵكی كوردستان و یەكگرتوویی گەلی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چەندین دەسكەوتی گرنگ بەدیهاتن كە گرنگترینیان ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 و ناچاركرنی ڕژێمی عێراق بوو كە دان بە مافەكانی گەلی كوردستاندا بنێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە (64)مین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرنگ و بەنرخەكانی شۆڕشی ئەیلوول دەكەینەوە لە یەكگرتوویی و تەبایی هەموو پێكهاتە و چین و توێژەكانی گەلی كوردستان لەپێناو داكۆكیكردن لە ماف و دەسكەوتە نیشتمانییەكانمان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان.
لە كۆتایی قسەكانیدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گووتیشی، پیرۆز بێت یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی كوردستان.


































































