بریکاری وەزارەتی شەھیدان دەڵێ، ھەموو زیندانیەکی سیاسی سوودمەند دەبێت لە وەرگرتنی پارچە زەوی و ناویان ڕەوانەی شارەوانی کراوە بۆ سوودمەند لە پارچەیەک زەوی.
د. ناڤسەر نووری، بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەر زیندانیەکی سیاسی مینحەی مانگانەی ھەبێت یاخود نەبێت تەنیا کۆدی زیندانی سیاسی ھەبێت ناوی بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران تا سوودمەندبێت لە وەرگرتنی پارچە زەوی، واتا ھەموو زیندانیانی سیاسی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی پارچەیەک زەوی بەو مەرجەی ئەگەر پێشووتر سوودمەند نەبووبێت لە وەرگرتنی زەوی.
بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان دەشڵێت: لە وەجبەی دوانزدە تا وەجبەی پازدە ھەموویان دەگرێتەوە ئەوانەی دیکەش ئەگەر سوودمەند نەبووبن دەیانگرێتەوە، ھاوکات ڕۆژانی ڕابردووش لە دھۆک ژمارەیەک زیندانی پارچە زەویان بەسەردا دابەشکراو و پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت.
پەیوەست لە گواستنەوەی مووچەی زیندانیان بۆ سەر بەغدا، د.ناڤسەر نووری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بەپێی یاسا دەبێت مووچەیان بگوازرێتەوە سەر بەغدا و ئێمەش وەک حکوومەتی ھەرێم و وەزارەت لەگەڵ ئەوەداین مووچە و شایستەی دارایی زیندانیانی سیاسی بەپێی یاسا لەسەر بەغدا بێت و سوودمەندبن لە مافەکانیان، ئەوەی تا ئێستا ھەیە بڕیارە بگوازرێنەوە و چاوەڕێی ھەوڵی نوێنەرانی کوردستان دەکەین بۆ ئەو ھەنگاوە.
































































