دیدار-زاری كرمانجی
مقەدەم كاروان میر ئاودەلی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی ڕایگەیاند: خۆشبەختانە پەیوەندی و هەماهەنگی باشمان هەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەوەش وایكردووە ئیش و كارەكانمان باشتر ڕایی بكەین و زووتر كۆنتڕۆڵی ڕووداوەكان بكەین، هەروەها ئەوكەسانەی سەرپێچی دەكەن و زیان بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنن ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەت و وەزارەتی ناوەخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان زۆر هاوكار بوونە، لە دابینكردنی پێداویستی بۆ بەڕێوەبەرایەتیمان، ئەوەش ئاسانكارییەكی دیكەیە كە زووتر بە ڕووداوەكان ڕابگەین و كۆنتڕۆڵیان بكەین.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: چەند ژمارەیەكی تایبەت بە تیمی فریاكەوتنی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بڵاوكردوونەتەوە، لەكاتی بوونی هەر ڕووداوێك هاووڵاتییان پەیوەندیمان پێوەدەكەن و بەشێوەیەكی خێرا تیمەكانی بەرگری شارستانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان و بنكەكانی شارو شارۆچەكانی سنوورەكەمان دەگەنە شوێنەكە بۆ كۆنتڕۆلكردنی ئاگرەكە یان فریاكەوتنی خەڵكەكە لە هەر ڕووداوێك بێت، هەر بنەكەو لە نزیكترین شوێنی ڕووداو بەهاناوە دەچێت، ئەگەر ڕووداوێكی گەورەش بوو بنكەكان بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتیمان هەماهەنگ دەبن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی یان حاڵەتی ڕزگار كردن و خنكان و هەڵدێران و هەر بابەتێكی دیكەبێت.
مقەدەم كاروان میر ئاودەلی، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی كە هەندێ جار كەسانێك پەیوەندی نادروست بە ژمارەكانمانەوە دەكەن، دەڵێن ڕووداو هەیە یان ئاگر لە شوێنێك كەتووتەوە، كەچی كاتێك تیمەكانمان دەگەنە شوێنەكە هەواڵەكە ناڕاستە، بۆیە بەداداچوون بۆ ئەو كەسانە دەكەین و ڕووبەڕووی یاسایان دەكەینەوە.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، ئاشكراشی دەكات: لەماوەی زیاتر لە ساڵێك لە سنوورەكەمان 13 كەس بە هۆكاری ئاگر بەردان لە پۆش و پاوان و دارستان و شوێنە جیاوازەكان دەستگیر كراون و ڕووبەڕووی دادگا كراونەتەوە، لەوانە 11 كەس دوای وەرگرتنی بەڵێننامەو ڕێكارە یاساییەكان ئازاد كراون، هەروەها دوو كەس تا ئێستا ئازاد نەكراون، هەروەك سزای ئەو كەسانەی ئەو جۆرە سەرپێچیانە دەكەن بەند كردن و پێبژاردنە.
مقەدەم كاروان میر ئاودەلی، ئەوەشی خستەڕوو: ئەمساڵ 10 كەس لە ڕووبارەكانی سنوورەكەمان خنكاون، لەوانە تەرمی 9 كەس دۆزراوەتەوە، تەنها تەرمی ئاڤێستە نەدۆزراوەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە كە بەردەوام لەلایەن تیمەكانمان ڕێنمایی بە هاووڵاتییانی سنوورەكەمان گەشتیاران دەدرێت، كە لە ڕووبارەكانی ئیدارەی سۆران هۆشیار بن لەكاتی مەلەكردن، هەروەها ئاگاداری خێزان و منداڵ و كەس و كاریان بن، لە پێناو پاراستنی گیانیان.


































































