
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی هۆشداری داوە كە پاکستان لە چاندن و بەرهەم هێنانی ماددەی هۆشبەر خەریكە پێش ئەفغانستان دەكەوێت.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی تەلەگراف، وێنە نوێیەکانی مانگی دەستکرد دەریدەخەن کە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە پارێزگای بەلوچستانی پاکستان لەژێر چاندنی ماددەی هۆشبەر لە جۆری ( خەش خاش) دایە. لە هەندێک ناوچە بە تایبەتی لە دەوروبەری شاری گۆڵستان تا لەسەدا ٧٠ی زەوییەکە بۆ ئەم بەرهەمە تەرخانکراوە.
دەیڤید مانسفیڵد، پسپۆڕی بازرگانی تلیاک لە ئەفغانستان کە هەڵسەنگاندنی بۆ بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی ئەمریکا کردووە، بە ڕۆژنامەی تێلێگرافی ڕاگەیاندووە، “قەبارە و بڵاوبوونەوەی کێڵگەکانی بەلوچستان ئاماژەیە بۆ چاندنی کۆنترۆڵنەکراو، ئەمە تەنانەت لە لوتکەی بەرهەمهێنان لە ئەفغانستانیشدا بێ وێنەیە”.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تەلەگراف، جووتیارانی ئەفغانستان شارەزایی تەکنیکییان هێناوەتە پاکستان بۆ چاندنی تریاک. بۆ دەرهێنانی ئاو لە بیرە قووڵەکان، تەکنەلۆژیای سادەیان وەک پەمپە ئاوییەکانی خۆر بەکارهێناوە.
زۆرێک لە جووتیارانی کۆچبەری ئەفغانی زەوی لە خاوەن زەوییە ناوخۆییەکانی بەلوچ بەکرێ دەگرن یان لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی پشک کاردەکەن. سەرەڕای ئەوەی پاکستان سیاجێکی تەلی دڕکاوی لەسەر سنوورەکان داناوە، بەڵام هێشتا بە ئازادی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەجووڵێن.
هەروەها وێنە ئاسمانییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ڕووبەرێکی زۆری زەوی لە دەوروبەری شاری گۆڵستان گۆڕاوە بۆ کێڵگەی خەشخاش.
































































