“دوو هاوسەری ڕواندز زیاتر لە هەزار پارچە شوێنەواری مێژوویی و كەلتووریان پاراستووە”
زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی ڕیگەیاند: لە سنوورەكەمان چەندان ناوچەی شوێنەواری گرینگ تۆمار كراون، هەروەها لە ئەنجامی كاری هەڵكۆڵینی تیمە شوێنەوارییەكانمان بە هاوكاری تیمەكانی شوێنەوارناسانی جیهانی، هەزاران پارچە شوێنەواری مێژوویی دۆزراونەتەوەو پارێزگاریان لێكراوە، دەشڵێت: تیمی شوێنەوارناسانی زانكۆی كامبێرجی بەریتانی گەڕاونەتەوە، بۆ هەرێمی كوردستان و دەستیان كردووەتەوە بە وەرزێكی دیكەی كنە و پشكنین لە ئەشكەوتی شانەدەر.
د. عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، گووتیشی: لە سنوورەكەمان چەندان شوێنی شوێنەواری گرینگ هەن، ساڵانە بە چەند وەرزێك شوێنەوارناسانی جیهانی كاری كنە و پشكنین بە هاوكاریی تیمە شوێنەوارناسە ناوخۆییەكان لە چەند ناوچەیەكی شوێنەواری سنوورەكەمان ئەنجام دەدەن، بەتایبەتیش تیمی شوێنەواری زانكۆی ئۆتۆنۆمیی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و شوێنەوارناسانی زانكۆی كامبێرجی بەریتانی.
ئاماژەی بەوەشدا: ئێستا تیمی شوێنەوارناسانی زانكۆی كامبێرجی بەریتانی هاتوونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لەسەرەتای مانگی 9ی ئەمساڵ واتە 2025 دەستیان كردووەتەوە بە وەرزێكی دیكەی كنە و پشكنین لە ئەشكەوتی شانەدەر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، ئاماژەی دەشڵێت: ” ئەشكەوتی شاندەر كە لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا تا ئێستا چەندین جار كنە و پشكنینی تیادا كراوە، بە هاوكاری لەگەڵ تیمە شوێنەوارناسە ناوخۆییەكان دەستیان كردووەتەوە، بە وەرزێكی دیكەی كنە و پشكنین لە ئەشكەوتی شانەدەر، هەروەك ئەو ئەشكەوتە شوێنەوارییە یەكێكە لە گرینگترین شوێنەوارەكانی كوردستان و تەنانەت جیهانیش، بەلای شوێنەوارناسە جیهانییەكان جێگەی بایەخە، تائێستا بە چەند قۆناغێك كاری كنە و پشكنین لەم ئەشكەوتەدا كراوە. تا ئێستا 11 ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ و چەند پارچە شوێنەوارێكی مێژوویی دۆزراونەتەوە.
د. عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، ئەوەش دەخاتەڕوو: هەوڵەكانمان بە هاوكاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار، بەردەوامە بۆ دروستكردنی مۆزەخانەیەكی شوێنەواری و كەلەپووری لە سنوورەكەمان، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین سەرجەم ئەو پارچە شوێنەوارە مێژوویانەی كە دەدۆزێنەوە بیانگوازینەوە بۆ مۆزەخانەكەو پارێزگاریان لێبكرێت، هەروەها ئەو كەرستە كەلەپووری و مێژوویانەی كە لەلای خەڵكی سنوورەكەمانن، بە هەمانشێوە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، دڵخۆشی خۆشی دەربڕی بەوەی كە هیمداد مستەفا و شێوە عوسمان كە دوو هاوسەری دانیشتووی شاری سۆرانن زیاتر لە 1000 پارچە شوێنەواری مێژوویی و كەلەپوورییان پاراستووە.

































































