مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

بڕیاری قەدەخەكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە نیپاڵ، سووتاندنی باڵەخانەی پەرلەمان و ماڵی سەرۆكوەزیران و دەستلەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵی وەزیرەكانی حكومەتی بەدوای خۆیدا هێنا .
حكومەتی نیپاڵ، بە بیانووی تۆمارنەكردنی لە وەزارەتی ڕاگەیاندن و تەكنۆلۆژیای وڵاتەكە، ڕۆژی 4ـى ئەم مانگە بڕیاری قەدەغەكردنی 26 پلاتفۆرمی ڕاگەیاند كە لە نێویاندا (فەیسبووك، ئینستاگرام و واتسئەپ و یوتیوب، ئێكس و لینكدین) یش هەن، ئەمەش ناڕەزایەتیی ملیۆنان بەكارهێنەری لە سەرتاسەری وڵات لێكەوتەوە و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 8ـى 9ـى 2025 لە چەند شوێنێكی جیاوازی كاتماندوی پایتەخت، خۆپیشاندان دروستبوو و خۆپیشاندەردان داوایان كرد حكومەت كۆتوبەندەی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵبگرێت .
كاتێك هێزە ئەمنییەكان لە بەردەم پەرلەمان، بۆ ڕێگریی كردن لە خۆپیشاندەردان، گازی فرمێسكڕێژ، باتۆن، گوللەی پلاستیكیی و ڕاستەقینەیان بەكارهێنا، شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو. خۆپیشاندەران هەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمان و سووتاندیان .
بە گوێڕەی میدیای لۆكاڵیی نیپاڵ، خۆپیشاندەران جگە لە باڵەخانەی پەرلەمان، ماڵی سەرۆكی وڵات و ژمارەیەك وەزیر و بارەگای حیزبەكانیشیان سووتاندووە .
دوای خۆپیشاندان و توندوتیژییەكان، ئێوارەی دووشەممە (شارما ئولی) سەرۆكوەزیرانی نیپاڵ، فەرمانی بە هەڵگرتنی قەدەخەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی “سەربەخۆ” لە دەستڕێژی گوللەی پۆلیس لە خۆپیشاندەردان كرد و بۆ ڕۆژی دواتریش لە نامەیەكدا بۆ (ڕام شاندرا بودل)ی سەرۆكی وڵات دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كرد، دواتریش سێ وەزیری دیكەی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتە بەرایییەكان، بەهۆی ناڕەزایەتییەكانەوە تا ئێستا 19 كەس كوژراون و زیاتر 500 كەسی تر برینداربوون.


































































