ئەمڕۆ 10- 9-2025، فەرماندەیی سەربازیی پۆڵەندا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا کە لە کاتی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا چوونەتە ناو ئاسمانی وڵاتەکەوە خراونەتە خوارەوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئەگەری کەوتنەخوارەوەیان.
فەرماندەیی سەربازیی پۆڵەندا ئەو کارەی ڕوسیای بە “مەترسی ڕاستەقینە” بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیانی پۆڵەندا ناوبرد و ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی پۆڵەندا و ناتۆ بەردەوام چاودێری وڵاتەکەیان دەدەن و سیستەمی بەرگری ئاسمانی و ڕادار لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان.
لە هەمان کاتدا دۆناڵد توسک سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سکرتێری گشتی ناتۆی لە پێشێلکردنی ئاسمانی وڵاتەکەی لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیاوە ئاگادار کردووەتەوە.
هەروەها ڕایگەیاند کە سوپای ئەمریکا سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ لە پۆڵەندا دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕوسیا بەرەو ڕۆژئاوا دەڕۆیشتن و هەڕەشەیان لە شاری زامۆسکی پۆڵەندا کردووە.


































































