دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەم هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە رێگەی چەندین فڕۆكەی شەركەر و درۆنەوە كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتیی بزووتنەوەی حەماسی لە دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ كردە ئامانج هەواڵكەكان ئاماژە بۆ دەكەن ژمارەیەك سەركردەی باڵای بزووتنەوەكەی كوشتووە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەركۆنەی هێرشەكەی كرد.
لە دوای هێرشەكەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر سەركردەكانی حەماس لە دۆحە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ هێرشەكە بە ترسنۆكانە وەسف دەكات، لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، ئەو هێرشە تاوانكارییە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی قەتەڕییەكان و ئەوانەی لەو وڵاتە دادەنیشن، دووپاتی كردەوە كە قەتەر چاوپۆشی لەو رەفتارە دوژمنكارانە و ملهوڕانەی ئیسرائیل ناكات.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دووپاتی كردەوە كە لەسەر باڵاترین ئاست لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و دوای گەیشتن بە ئەنجام، وردەكارییەكان دێتە راگەیاندن.
































































