رادیۆی (مۆنت كارلۆی نێودەوڵەتی) لە راپۆرتێكدا كە لەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردوویەتی، ئاماژەی بە ئەگەری زیندووكردنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆمی 2017 كردووە و رایگەیاندووە كە ئەگەر زۆرە هەرێمی كوردستان بەرەو كۆنفیدراڵی بڕوات.
لە راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتە ڕوو كە هەرچەندە ئێستا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە رێگەی میدیاكانەوە باسی سەربەخۆیی ناكات، بەڵام بە بێدەنگی لەگەڵ لایەنە ئەورووپی و ئەمەریكییەكان و لایەنە هەرێمییە گرنگەكان لە گفتوگۆدایە لەبارەی چارەنووسی هەرێمی كوردستان.
هەروەها رایگەیاندووە: ”هەندێك زانیاری لە بەغداوە هەن كە باس لەوە دەكەن، كوردەكان كار لەسەر دۆخی ئاڵۆزی هەرێمی دەكەن، بەتایبەتیش ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و واشنتن بەهۆی میلیشیاكانی عێراق، كێشەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا لە لایەك و ئێران لە لایەكی دیكە.“
لە كۆتایی راپۆرتەكەی (مۆنت كارلۆی نێودەوڵەتی)دا نووسراوە، هەموو ئەو پێشهاتانە ئەگەری ئەوەیان دروست كردووە كە ریفراندۆمی 2017 زیندوو بكرێتەوە: ”بە ئەگەری زۆرەوە هەرێمی كوردستان بەرەو كۆنفیدراڵی دەچێت، لە جێگەی فیدراڵی.“
ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017 بە رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی بەڕێوە چوو و تێیدا پرسیاری ئەوە لە خەڵكی كوردستان كرا ئاخۆ دەیانەوێ كوردستان سەربەخۆ بێت یان لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە، لە ئەنجامیشدا 93%ی گەلی كوردستان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەنگیان دا.

































































