بابەتی نۆیەم: ڕۆڵی حكومەتی خۆجێی وەك داڕێژەری دەرفەت

كامەران ئیبراهیم شێروانی / مامۆستای زانكۆ
بێكاری یەكێكە لە گەورەترین ئاستەنگەكانی بەردەم پەرەسەندنی هەر كۆمەڵگایەك، بەتایبەتی لە ناوچەیەكی وەك سۆران، كە بێكاریی گەنجان دەكرێت وەك كێشەیەكی هەستیار قسەی لەسەر بكرێت و چارەسەری بنەڕەتی بۆ بخرێتە ڕوو. لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی حكومەتی خۆجێی وەك داڕێژەر و خولقێنەری دەرفەتەكان زۆر گرنگە. بەڵام، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا حكومەتی خۆجێی توانیویەتی ئەم ڕۆڵە بگێڕێت، یان لەبری پاڵپشتیكار، خۆی بووەتە بەربەستێك لەبەردەم گەشەی كارسازی و دروستبوونی هەلی كار ؟
لە ئێستادا، حكومەتی خۆجێی و گەنجان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕی كار و پەرەسەندنی ئابووری ناوچەكە دروست كردووە. یەكێك لە دیارترین ئەو ئاستەنگانە، نەبوونی ژینگەیەكی لەبارە بۆ وەبەرهێنان؛ متمانە نەبوون بە جێگیریی یاسا و ڕێساكان، یان گۆڕانی بەردەوامیان، وایكردووە كەرتی تایبەت كەمتر ئامادە بێت بۆ وەبەرهێنان، كە ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر كەمبوونەوەی دەرفەتەكانی كار هەیە و ژمارەی بێكاران زیاتر دەكات. لەگەڵ ئەمەشدا، بوونی ڕێكاری ئاڵۆز و ڕۆتینی بیزاركەر كێشەیەكی دیكەیە؛ دامەزراندنی پڕۆژەیەكی نوێ یان هەر مامەڵەیەكی كارگێڕی لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەتدا پێویستی بە كاتێكی زۆر و پەیڕەوكردنی ڕێوشوێنی ئاڵۆز هەیە، كە ئەمەش دەبێتە هۆی ساردبوونەوە و لەناوبردنی وزە و هیوا لای گەنجانی خاوەن بیرۆكە و وازیان لێدەهێنێت. وە هەروەها، كەمیی زانیاری و نەبوونی نەخشەڕێگایەكی ڕوون یەكێكی ترە لە ئاستەنگەكان كە حكومەتی خۆجێی زۆرجار زانیاری وردی لەسەر پێداویستییەكانی بازاڕی كار و كەرتی جیاواز نییە، ئەمەش وادەكات نەتوانرێت بڕیاری دروست بدرێت سەبارەت بەوەی كام كەرت پێویستی بە پەرەپێدانە یان چ جۆرە پڕۆژەیەك دەتوانێت زۆرترین هەلی كار دروست بكات، بەمەش دەرفەتەكان بە فیڕۆ دەڕۆن و گەشەی ئابووری خاو دەبێتەوە.
بۆ گۆڕینی ڕۆڵی حكومەتی خۆجێی لە چاوەڕوانییەوە بۆ هێزێكی چالاك بۆ دروستكردنی هەلی كار، پێویستە چەند هەنگاوێكی كرداری و ستراتیژی بنرێن:
- ئاسانكردنی ڕێكارە كارگێڕییەكان و دروستكردنی ژینگەی متمانەپێكراو: حكومەتی خۆجێی دەبێت دەستپێشخەری بكات لە سادەكردنەوەی ڕێكارەكانی دامەزراندنی كۆمپانیا و پڕۆژە بچووكەكان. پەرەپێدانی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و ڕەزامەندییەكان، هەنگاوێكی پێویستە بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین. هەروەها، جێگیركردن و ڕوونكردنەوەی زیاتری یاسا و ڕێساكان متمانە دەگەڕێنێتەوە بۆ وەبەرهێنەران و گەنجانی خاوەن بیرۆكە. دامەزراندنی “یەكەی خێراكردنی كارسازی” كە هاوشێوەی مۆدێلی “یەك پەنجەرە” لە وڵاتانی پێشكەوتوو بێت، دەتوانێت گەنجان لە ڕێكارە كارگێڕی و یاساییەكاندا یارمەتی بدات.
- پاڵپشتی بازرگانان و هاندانیان: حكومەتی خۆجێی دەتوانێت سیستەمێكی پاڵپشتی دروست بكات كە تێیدا لەگەڵ بازرگانە گەورەكان و خاوەنكارەكاندا ڕێكبكەوێت. بۆ نموونە، لێخۆشبوون لە بەشێك لە باج یان ڕسوماتیان لە بەرامبەر دامەزراندنی ژمارەیەكی دیاریكراو لە گەنجانی بێكار. ئەم مۆدێلە لە زۆر شوێنی جیهان بە سەركەوتوویی كاری پێدەكرێت، چونكە سوود بە هەردوولا دەگەیەنێت؛ كۆمپانیاكان لە باج سوودمەند دەبن و گەنجانیش هەلی كار و ئەزموونیان بۆ دەڕەخسێت.
- ڕێكخستنی پێشانگای كار و پڕۆژە و پێكەوەبەستنەوەی كەرتی تایبەت و گەنجان: حكومەتی خۆجێی دەتوانێت ڕۆڵێكی سەرەكی ببینێت لە بەستنەوەی گەنجانی خاوەن بیرۆكە و كۆمپانیاكان. ڕێكخستنی پێشانگای ساڵانەی كار و پڕۆژە دەرفەتێكی زێڕین دەڕەخسێنێت لە لایەك، گەنجان دەتوانن پڕۆژەكانیان نمایش بكەن و وەبەرهێنەر بدۆزنەوە، و لە لایەكی تر، كۆمپانیاكان دەتوانن كارمەندی بەتوانا بدۆزنەوە و لە نزیكەوە ئاشنای بیرۆكە نوێیەكان ببن. دابینكردنی شوێنی گونجاو و سپۆنسەریكردنی ئەم پێشانگایانە لەلایەن حكومەتەوە كاریگەرییەكی گەورەی دەبێت.
- دامەزراندنی سندووقی گەشەپێدانی كارسازی بچووك: نەبوونی سەرمایەی سەرەتایی یەكێكە لە گەورەترین بەربەستەكانی بەردەم گەنجان. حكومەتی خۆجێی دەتوانێت سندووقێكی تایبەت بە گەشەپێدانی كارسازی بچووك دابمەزرێنێت كە قەرز و یارمەتی دارایی بە پڕۆژە داهێنەرەكان بدات بە مەرج و ڕێكاری ئاسانتر لە بانكەكان. ئەم سندووقە دەتوانێت ڕاوێژكاریی و سەرپەرشتییش بۆ گەنجان دابین بكات، وەك چۆن لە وڵاتانی وەك ئەڵمانیا و ژاپۆن پاڵپشتی پڕۆژە بچووك و مامناوەندەكان دەكرێت.
- پەرەپێدانی ژێرخانی تەكنەلۆژیا و پشتگیریكردنی داهێنان: ژێرخانی ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیا هاندەرێكی گەورەیە بۆ گەشەكردنی كارسازی. حكومەتی خۆجێی دەبێت لەم بوارەدا وەبەرهێنان بكات و ناوەندی تایبەت بە داهێنان و تەكنەلۆژیا دروست بكات (یان هاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەتدا بكات) بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن بیرۆكەكانیان پەرە پێ بدەن و پێكەوە كار بكەن.
لە كۆتاییدا، گۆڕینی حكومەتی خۆجێی لە ناوەندێكی ئیداریدا بۆ داڕێژەری دەرفەت و پشتگیریكەری كارسازی، پرۆسەیەكی درێژخایەن و پێویستی بە دیدێكی ستراتیژی هەیە. بەڵام، كاتێك گەنجان دەبینن حكومەت بە كردەوە پشتیوانییان لێ دەكات و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێت، ئەوا لە چاوەڕوانی دامەزراندن لە كەرتی گشتیدا دەردەچن و خۆیان دەبنە خاوەنكار و دەرفەترەخسێنەر بۆ كەسانی تر، كە ئەمەش بە واتای پەرەسەندنی ئابووری و كۆمەڵایەتی دێت بۆ ناوچەكە.
لە بابەتی داهاتوودا، تیشك دەخەمە سەر ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە چارەسەركردنی كێشەی بێكاری و دروستكردنی دەرفەتی كاردا.


































































