زاری كرمانجی-سۆران:
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی بەسەركردنەوەی بەشەكانی شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەولێر، لێدوانێكی رۆژنامەوانیی دا و رایاگەیاند لەسەر داهاتی نانەوتی لەگەڵ بەغدا گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن.
مەسرور بارزانی، لەبارەی هاتنی شاندێكی بازرگانیی ئەمریكا بۆ هەولێر، ڕایگەیاند: ئێمە بانگهێشتی شاندێكی ئەمریكیمان كرد، كە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەمڕۆ ئەم شاندە لێرەن، شاندەكە لە هەموو سێكتەرەكان دەیانەوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەیوەندیی باشتری بازرگانی دروست بكەن، جگە لە كەرتی وزە، لە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبووە، بۆ فرەچەشنكردن و فراوانكردنی كەرتی بازرگانی و ئابووریی هەرێمی كوردستانە لە هەموو ڕوویەكەوە، بۆیە خۆشحاڵم كە ئێستە وڵاتانی تر روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەوەش بۆ ئەو سەقامگیرییە دەگەڕێتەوە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین. سوپاسی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان دەكەین، كە كەشێكی وایان ڕەخساندووە، ئێستە وڵاتانی دنیا چاو لە هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ پێشخستنی باری ئابووریی كوردستان لێرە، بەڵام خۆشیان سوودمەند دەبن.
سەرۆكی حكوومەت لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: زۆر جار ئەم قسەیەمان كردووە، كە هیوادارین بە زووترین كات ئەم كێشانە چارەسەر بكرێ، بەڵام هەموو جارێكیش دەبینین، كە كێشەیەكی نوێ لە لایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە بۆ مووچە دروست كراوە، بەڵام هەوڵمان داوە لەسەرخۆ و بە گفتوگۆ چارەسەری بكەین، ئەوەی لای ئێمە گرنگە، بەختەوەری خەڵكی كوردستان و ئارامی و سەقاگیری و بەردەوامبوونی پێشكەوتنی ئابووریی هەرێمی كوردستانە، لەسەر هەرێمی كوردستانە، دەیكا و بەردەوامیش دەبێ، ئێستەش شاندی ئێمە لە بەغدا لە گفتوگۆ بەردەوامن و لەسەر داهاتی نانەوتی گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی بۆ لێكتیگەیشتن، بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتیش، هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی نەماوە، نە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان و نە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیی عێراقیش، ئەوەی ماوە خاڵێكە لە نێوان كۆمپانیا نەوتییەكان و حكوومەتی عێراقە، كۆمپانیاكان داوای گرەنتتی دەكەن بۆ بەردەوامی دابینكردنی شایستە داراییەكانی خۆیان.


































































