
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، بەسەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی ستراتیژیی شاڕێگەی 40 مەتریی سۆران كە هەردوو بەری سۆران بەیەكتر دەبەستێتەوە جێبەجێ دەكرێت و لە ئاییندەیەكی نزیكدا قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە كۆتایی دێت.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی كردەوە ” لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، “پڕۆژەی ستراتیژیی شاڕێگەی 40 مەتری سۆران کە هەردوو بەری سۆران بە یەکتر دەبەستێتەوە، لە لایەن كۆمپانیای (کاڤین گرووپ)وە جێبەجێ دەکرێت و لە ئاییندەیەکی نزیکدا قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و تەواو دەکرێت.”
لەسەر گرینگی پرۆژەكە نووسیویەتی “بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژە گرینگ و ستراتیژییە، کێشەی قەرەباڵغیی ناو سەنتەری شاری سۆران و بەتایبەتیش جەنجاڵیی هاتووچۆی ناو بازاڕی شارەکە و خنکانی شەقامەکان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو، چارەسەر دەبێت.”



































































