زاری كرمانجی – سۆران :
وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت “زۆربەی كێشەكانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت چارەسەركراوە و كۆمپانیاكانیش داوایان كردووە لەبری پارە بەشێك لە نەوت وەك حەقدەست وەربگرن،”
كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت ڕاگەیاند “حكومەتی عێراق هەنگاوی باشی ناوە بۆ ڕێككەوتن هەر كاتێك نەوت هەناردە بكرێتەوە كێشەی مووچە چارەسەر دەكرێت، چونكە داهاتی نا نەوتی بەراورد بە داهاتی نەوت كەمترە، پێویستە هاووڵاتییانیش بزانن پشكی هەرێم 70٪ی لە داهاتی نەوتی كوردستانەوە دابین دەكرێت.”
دەشڵێت “كێشەی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت چارەسەركراوە، ڕێككەوتن كراوە كۆمپانیایەكی بەریتانی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت دیاریكراوە، هەروەها ئەو كۆمپانیایانە داوایان كردووە لە بری پارە بەشێك لە نەوت وەك حەقدەستی وەربگرن، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمپانیاكان داوایان كردووە ڕێككەوتنێكی سێ قۆڵی بكرێت بۆ ئەوەی شایستە دارایییەكانیان دەستەبەر بكرێت.”
وەزیری سامانە سروشتییەكان جەخت لەوەش دەكاتەوە كە دادگای كەرخ دانی بە یاساییبوونی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم ناوە و ئاماژە بەوەش دەكات كە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمەوە دەفرۆشرێت و سەرپەرشتی دەكرێت.
كەمال محەممەد ئاشكراشی دەكات تەنیا یەك خاڵ ماوە ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت، كە ئەویش بابەتی دادگایەكی نێودەوڵەتییە لە كاتی هەبوونی هەر كێشەیەك پێویستە دۆسیەكە بچێتە دادگایەكی نێودەوڵەتیی، نابێت یاسایی عێراقی لەم پرسە دا بڕیار بدات .
وەزیرەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوەش دەكات كە ئەمساڵیش نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت .
































































