ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، “ھەموو کارێکی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە تەواو بووە، تەنیا ماوە بڕیاری لێ بدرێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی بکرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی بدرێت.”
د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند “پێویستە ڕێککەوتن لەسەر نەوتی ھەرێم سێقۆڵی بێت، لەنێوان حکوومەتی ھەرێم، عێراق و کۆمپانیا بیانییەکان، ھەنگاوی زۆر باش نراوە و ڕێککەوتنەکان کراون، ڕێکاری تەکنیکی تەواوبوونە و بۆڕی ئامادەیە، لەڕووی یاساییییەوە لە یاسای بودجە، ماددەی ١٢ بە تێروتەسەلی باس کراوە، ١٦ دۆلاری بۆ ھەر بەرمیلێک بۆ دەرھێنان و گواستنەوەی نەوت داناوە، بۆیە ھەموو پرسەکان تەواوبوونە، تەنیا بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ماوە، بابەتی فرۆشتنی نەوتیش تەواو بووە، دیارە دەدرێتە کامە کۆمپانیا، بۆیە ھەموو کارەکان تەواوبوونە، سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ھەیە و بڕیار لەبارەی داھاتی نەوت و نانەوتی و ڕاپۆرتەکانی ئامادەکراون دەدات.”
د.سەباح سوبحی گوتیشی “ئەوە دڵخۆشکەرە ھەموو ڕێککەوتنەکان کراون و بەرەو چارەسەر بوونە، ئێستا بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش بەڕێژەیەکی باش زیادی کردووە، دەتوانین مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەین و ٥٠ھەزار بەرمیلیش بۆ ناوخۆی ھەرێم بێت، ئەوەش یەکلایی بۆتەوە، بۆیە لە ھەنگاوی کۆتاییدایە و تەنیا ماوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات، ڕاستەوخۆ دەست بە ھەناردەکردنی دەکرێت، پێویستە زەمانەتیش بدرێت بە کۆمپانیاکانی نەوت بۆ ئەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە.”


































































