ئەمڕۆ دووشەممە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند” هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەیەکی بەهێز لە ئابووریدا بۆ خۆی دروست بکات و بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش بچێت، سوودی لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەرگرتووە بۆ گەشەپێدانی ئابوورییەکەی”.
ئەوەشی خستەڕوو کە هەرێمی کوردستان وەک بازاڕێکی گەورە و کراوە بۆ کەرتی تایبەت دەبینرێت و حکومەتی هەرێم سیاسەتی ئەوەیە بایەخێکی زۆر بەم سێکتەرە بدات. ئەمە بە ئامانجی فرەچەشنکردنی ئابووری و کردنەوەی دەرگا بەڕووی سەرمایەگوزاریی بیانی و هێنانی سەرمایەگوزاران لە وڵاتانی جیاجیاوە بۆ هەرێمی کوردستان.
سەفین دزەیی سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوت ڕایگەیاند” بەداخەوە ئەم پڕۆسەیە ماوەیەکی زۆری خایاندووە. لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣وە تا ئێستا، عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٨ ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتەوە.”
































































