
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لێک نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و ڕەشنووسێک ئامادەکراوە سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەخرێتە ڕوو.
رێباز حەملان زیاتر روونیكردەوە : ئەگەر لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران، دەنگ لەسەر ڕەشنووسەکە بدرێت، ئەوە مووچەی مانگەکانی دیکە دەنێردرێت، جەختیشی کردەوە مووچەی مانگەکانی دیکە لەسەر ئەو ڕێککەوتنە وەستاوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو ڕسوماتانەی بە یاساکانی هەرێمی کوردستانە، بۆ هەرێمی کوردستان بێت، ئەوانەشی بە یاسای عێراقە و بەداهاتی فیدڕالی هەژمار دەکرێت، 50 بە 50 بێت. گوتیشی: لەسەر گومرگ و داهاتی باجیش لەسەر هەمان شێوە ڕێککەوتووین.
ڕێباز حەملان باسی لەوەش کرد، لەسەر هەناردەی نەوت واڕێککەوتووین، کە گرێبەستێکی سێ لایەنە لەنێوان سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان کراوە و هەرێمی کوردستانیش چەند هەژمارێکی تێدا کردووە و نێردراوەتەوە بەغدا، دەشڵێت: ئەگەر ئەمڕۆ بەغدا لەسەر گرێبەستەکە ڕازی بێت دەنێردرێت بۆ کۆمپانیاکان.
دەشڵێت: ڕێککەوتنمان لەسەر 120 ملیار دینارەکە تەنیا بۆ مانگی 5 و 6 بوو، بەڵام بۆ مووچەی مانگەکانی دیکە لەسەر ئەو ڕێککەوەتنە وەستاوە.


































































