مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

فریاگوزاریی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە لە ڕووداوێكی تەقەكردن لە ئۆرشەلیم /قودس پێنج كەس كوژران و پێنج كەسی دیكەش بریندار بوون.
بە گوێڕەی میدیاكانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە 8ـى 9ـى 2025، لە ڕووداوێكی تەقەكردن لە سەر یەكێك لە ڕێگا سەرەكییەكانی ئۆرشەلیم، 5 كەس كوژران و 5 ی دیكەش بریندار بوون .
هاوكات پۆلیسی ئیسرائیل لە بارەی تەقەكەرەكانەوە ڕاگەیاند “دوو كەس بە ئۆتۆمبێلێك چوونەتە چواریانی ڕامۆت و تەقەیان لە وێستگەیەكی پاس كردووە، كە خەڵكێكی زۆری لێ بووە، دواتر لە لایەن پۆلیسەوە هەر دوو كەسەكە كوژراون .”
بەمەش ژمارەی كوژراوانی ڕووداوەكە دەگاتە حەوت كەس .
پۆلیس تا ئێستا ناسنامەی تەقەكەرەكانی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام هێزێكی زۆری پۆلیس و یەكەی پووچەڵكردنەوەی بۆمب گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە .
































































