زاری كرمانجی – سۆران:
بەهۆی هەڵكەوتەی ئیدارەی سۆران و شەڕی هەشت ساڵەی عێڕاق و ئێران و ناكۆكی ڕژێمی بەعسی عێراق لەگەڵ پێشمەرگەی كوردستان بەر لە راپەڕین، رووبەڕێكی یەكجار زۆری ناوچەكە بە مین و تەقەمەنی داپۆشراوە و بەو هۆیەوە زەرەری زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییان و دانیشتووانانی دەڤەرەكە كەوتووە.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و باری مینی هەولێر تایبەت بە زاری كرمانجی دراوە، تەنها لە ساڵەكانی دووای لە 1991 تا ئێستا بەهۆی رووداوەكانی مین، 3770 كەس لە سنووری پارێزگەی هەولێر شەهید و بریندار بوونە، لەو رێژەیەدا 2421 كەس لە سنووری ئیدارەی سۆران بوونەتە قوربانی، ئەمە لە كاتێدایە، قەزای چۆمانیش لە سەر ئاستی كوردستان دووەم قەزایە پڕە لە ناوچەی مین رێژكراو و زۆرترین قوربانی لێ تۆمار كراوە .
جەبار قەندۆ یەكێكە لە قوربانیانی مین، دانیشتووی گوندی كۆلیت لە سیدەكان بە زاری كرمانجی گووت”: بەهۆی پێداتەقینەوەی مین ساڵی 1998 لاقی چەپم لە دەستداوە و بوومەتە كەم ئەندام و گرفتی زۆرم لە ژیانی رۆژانە بەو هۆیەوە بۆ دروست بووە و ناتوانم هەموو كارێك ئەنجام بدەم، زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر رووداوەكەی من تێدەپەڕێ بەداخەوە تا ئێستاش چیا و گردەكانی دەڤەرەكەمان هێشتا بە مین داپۆشراون و نەتوانراوە بەتەواوی لە مین پاكبكرێنەوە .
زیاتر گووتی” چەندین كەسی دیكە بەهۆی پێدا تەقینەوەی مین و تەقەمەنی لە سنوورەكەمان شەهید بوونە یا بەشێك لە جەستەیان لە دەستداوە، ئەمە جیا لە ئاژەڵی خۆماڵی وەك مانگا مەڕ و بزن سەدان سەر بەو هۆیەوە مردار بوونەتەوە، بۆیە پێویستە حكوومەت زیاتر گرنكی بە دەزگای مین بدات تا بتوانن تیمەكانیان زیاد بكەن و پەلە بكرێت لە پاككردنەوەی ناوچە مین ڕێژكراوەكان و چیتر خەڵك نەبێتە قوربانی و زەر و زیانیان پێنەگات.
سەباح سەمەد هاووڵاتییەكی دەڤەری باڵەكایەتییە بە زاری كرمانجی گووت:” زیاتر لە 30 ساڵە هەزاران مین و تەقەمەنی لە دەڤەرەكەمان و ناوچە سنوورییەكانمان دانراونەتەوە تا ئێستا نەتوانراوە هەڵبگیرێنەوە یا بە تەواوی لە ناوببردرێن، ئەمەش وای كردووە زەرەر و زیانێكی زۆر بەر هاووڵاتییان و كاسبكارانی سنوورەكەمان بگەینێت، چەندین كەس بەهۆی پێدا تەقینەوەی مین گیانی لە دەستداوە یا بەشێك لە جەستەی پەڕیوە، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندی دار و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، هەوڵی ڕژد بدرێت بۆ لەناوبردنی ئەو مین و تەقەمەنییانە.
لای خۆیەوە، رابەر ئەنوەر بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و باری مینی هەولێر بە زاری كرمانجی راگەیاند” بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بوددجەی پێویست، كارەكانمان بە سستی بەڕێوەچوونە كە لە ئاست تمووحی ئێمە و هاووڵاتییاندا نەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، خۆشبەختانە توانیومانە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا، زیاتر لە 12 هەزار مین و تەقەمەنی لە نێو ببەین، هاوكات توانراوە پێنج كێڵگە بە رووبەری 318 هەزار و 460 مەتر چوارگۆشە لە مین و تەقەمەنی بە تەواوی پاكبرێتەوە و رادەستی خاوەنەكانیان كراونەتەوە، ئەمەش رووبەڕێكی زۆرە و لە ماوەی كەمدا، چونكە شوێنەكەیان زۆر هەستیار و مەترسیدار بوون، دووای كاری پاكسازی ئێستا خاوەنی زەویەكان سوود لە زەویەكانیان دەبینن بەشێكیان لە باڵەكایەتی كراوەنەتە شوێنی گەشتیاری و هەندێكیان بۆ كشتووكاڵ كردن سودیان لێ بینیووە.
زیاتر گووتی” چەند تیمێكی پاككردنەوە و هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە سنووری ئیدارەی سەرەبەخۆی سۆران كاری پاكسازی مین دەكەن، ژمارەیەكیشیان لە سنووری قەزای شەقڵاوە كار دەكەن، لە سنووری ئیدارەی سۆران 323 ناوچەی پیس بوو بە مین تۆماركراون، كاری پاكسازی مین كارێكی ئاسان نییە و زەحمەتە، بەردەوامیش كار لە سەر پاككردنەوەیان دەكرێت، هەروەها تیمێكیشمان گەڕۆكە و لە حاڵەتی ئامادە باشیدایە هەر شوێنێك مەترسی زۆری لەسەر بێت سەردانی شار و شارۆچكەكان دەكات و كاری هەڵگرتنەوە و پاكسازی دەكات .
ئاشكراشی دەكات” لە دووای ساڵی 1991 تا ئێستا بەهۆی رووداوەكانی مین، بەداخەوە زیاتر لە 3700 كەس لە سنووری پارێزگەی هەولێر شەهید و بریندار بوونە، لە ورێژەیەدا 2421 كەس لە سنووری ئیدارەی سۆران بوونەتە قوربانی، لە ماوەی ئەمساڵیشدا، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان بەهۆی پێداتەقینەوەی مین و تەقەمەنی، ژمارەیەك هاووڵاتی بوونەتە قوربانی .
زاری كرمانجی زانیوەتی، بەشێكی زۆری ناوچە مین ڕێژكراوەكانی دەڤەری سۆران، ناوچەی گەشتیاری و كوێستانن، یا سرووشتێكی جوانیان هەیە، بۆیە هەوڵ هەیە لە پێشینەی كارەكان ئەو شوێنانە پاكبكرێنەوە تا وەك ناوچەی گەشتیاری سوودی لێ ببیندرێت و خەڵك لێی سود مەندبێت.
بەپێی ئەو رووپێوەی لە هەرێمی كوردستان تایبەت بۆ ناوچە مین رێژكراوەكان كراوە، لە سەر ئاستی كوردستان قەزای پێنجوێن لە پارێزگەی سلێمانی بە پلەی یەكەم دێت لە هەبوونی ناوچەی مین رێژكراو، قەزای چۆمانیش لە ئیدارەی سۆران بە پلەی دووەم دانراوە لە هەبوونی رێژەیەكی زۆری ناوچەی مین رێژكراو”.

































































