
بە پێی هەواڵێكی (ئاژانسی ئەنادۆڵ)ی توركیا، هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە نزیکن لە ڕێککەوتن و توركیاش سەرقاڵی دارشتنی ژێر خانی پەیوەندییەكانن لە گەڵ عێراق.
ئاژانسی ئەنادۆڵ، لە زاری ئەحمەد بەرات چۆنکار، جێگری وەزیری وزەی تورکیا بڵاویکردوەتەوە” حکومەتی عێراق بە فەرمی ئاگاداریان کردوون کە لەسەر پرسی هەناردە کردنەوەی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان نزیکن لە رێککەوتن.”
زیاتر روونیكردۆتەوە” لەگەڵ عێراق لە گفتوگۆدان بۆ زیاترکردنی هاوکارییەکان لە بواری وزەدا و بۆ ئەم مەبەستە سەرقاڵی داڕشتنی ژێرخانی ئەو پەیوەندییانەین”.
جێگری وەزیری وزەی تورکیا گووتوویەتی” لە هەوڵی ئەوەداین کە هێڵی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا زیاتر پەرەی پێ بدەین و هاوکارییەکان لە بوارەکانی گازی سروشتی و کارەبا و پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانیش بۆ گەشەپێکردنی ئەو پەیوەندییانە بەکاردەهێنین”.
لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لەلایەن بەرپرسانی هەرێم و عێراق لێدوانی ئەرێنی لە بارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت هەبوو، هەردولا پێشبینی ڕێککەوتنێکی نزیک دەکەن.
































































