مستەفا دۆلەمەری- زاری كرمانجی:
یانەی هەڵۆ بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی دارایی، ناچاربوو لە خولی نایاب بكشێتەوە و ئەمەش وایكرد كە یانەكە دابەزێ بۆ رێزی یانە پلە یەكەكان.
دینۆ میكائیل راهێنەری یانەی هەڵۆ بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ئامادەكارییەكی باشمان كردووە و هەفتانە دوو یاری دۆستانە دەكەین و یاریزانەكانمان ئامادەن بۆ هەموو جۆرە یارییەك و بە باشترین شێوە دەتوانین بڕۆینە نێو خولی پلە یەكی كوردستان”، دینۆ ئەوەش دەڵێ:” نزیكەی پانزە یاریزانی پێشوو ماوەن و لەگەڵ ئەوەشدا چەند یاریزانێكی نوێمان هێناوە و دوو یاریزانیشمان لە شاری بەغدا و گۆڵپاریزێكی پێشمەرگەشمان لە ئێران هێناوە كە خەڵكی كرماشانە، بۆیە ئەمساڵ پێكهاتەیەكی باشمان هەیە و بەهەموو شێوەیەك تێ دەكۆشین لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانمان”.
راهێنەری یانەی هەڵۆ خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە هاتنی كاپتنی پێشووتری یانەی زێرەڤانی و دەڵێ:” ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی ئێمەیە پەیوەندیكردنی عەلی نوری، كاپتنی پێشووتری یانەی زێرەڤانی و كاپتنی یانەی دهۆك لە خولی عێراق، كە یاریزانی پێشووتری ئێمەش بوو لە ئێستادا گەراوەتەوە هەڵۆ، عەلی دەتوانێت لە نایابی عێراقدا یاری بكات، بەڵام بە هۆی خۆشەویستیی بۆ یانەی هەڵۆ لێرەوە بەردەوامی بە یارییكردن دەدات”.
دینۆ میكائیل ئەوەش دەڵێ:” ماوەی مانگێك و پانزە رۆژە دەستمان بە راهێنان كردووە، لە سەرەتادا نزیكەی ٦٠ یاریزان هەڵسەنگاندنیان بۆ كرا و ٢٤ یاریزانی سەرەكیمان هەڵبژارد، ئامانجمان گەڕانەوەییە بۆ رێزی یانە نایابەكانی كوردستانە، كە پێشتر بەهۆی كێشەی دارایی پاشەكشێمان كرد و نەمان توانی بەردەوامی بە چالاكیەكانمان بدەین و ئامانجەكەمان بەدی بهێنین”.