” داوا لەخاوەن بارهەڵگرەكان دەكرێت پابەندی ڕێنماییەكان بن لەكاتی هەڵگرتن و گواستنەوەی كەرستەی خانوو بەرە بەربەست بۆ هاتووچۆ دروست نەكەن “
ڕاپۆرت زاری كرمانجی
سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران، ڕێنمایی گواستنەوەو شوێنی فڕێدانی پاشماوەی كەرستەی خانووبەرە بۆ بارهەڵگرەكان دەخاتەڕوو، هەر كەسێكیش پابەندنەبێت لێپێچینەوەی یاسایان لەگەڵ دەكرێت، هاووڵاتییانیش خوازیارن شۆفێری بارهەڵگرەكان بەشێوەیەكی تەندروست كەرستەكتان باربكەن و نەبێتە هۆی كەوتنەوە خوارەوەیان لەڕێگاكان.
وەك هاووڵاتییان ئاماژەی بۆ دەكەن، بەشێك لەو بارهەڵگرانەی كەرستەی خانووبەرە دەگوازنەوە، بەهۆی هەڵگرتنیان بەشێوەیەكی ناتەندروست زۆرجار پاشماوەكانی خانووبەرە لەسەر بارەكە دەكەونە خوارەوەو زیان بە ئۆتۆمبێل و شەقام و هاووڵاتییان دەگەیەنن، ئەوەش زیان و مەترسی لەسەر بەرژەوەندی گشتی دروست دەكات و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوكەسانە بكات، هەروەها شۆفێرانی بارهەڵگرو ئەوانەش كە كاریان بۆ دەكەن، خۆیان درك بەوە بكەن كە ئەو جۆرە كارانە ناشیاون، چونكە ناكرێت تۆ كارێك بۆخۆت ئەنجام بدەیت و زیانی بۆ خەڵك و هاوشاریانت هەبێت.
لە ڕێگەی زاری كرمانجییەوە داواكارن: هەم لەكاتی بار هەڵگرتن تا شوێنی فڕێدانی كەرستەو پاشماوەی خانووبەرە چاودێری بارهەڵگرەكان بكرێت و لە سەرپێچییەكانیان ئاگاداربن، تا دەگەنە ئەو شوێنەی شارەوانی دیاری كردووە بۆ فڕێدانی ئەو كەرستانە، چونكە ناكرێت لە پاڵ ڕێگا گشتییەكان نزیك ئاوەییەكان فڕێی بدەن و بەربەست بە خەڵكی دیكە دروست بكەن.
ئارام خدر، هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری سۆران، بەزاری كرمانجی گووت: گرفتەكە تەنها فڕێدانی پاشماوەو كەرستەی خانووبەرە نییە، بەڵكوو زۆرجار ئەوانەی چیمەنتۆ و مەوادی خانوو بەرە بۆ كۆنكرێتكردنی شەقامەكان و سەقفی خانووی هاووڵاتییان دەگوازنەوە لە شەقامە ڕێگاو شەقامەكان لێیان دەڕژێت، ئەمەش هەم دیاردەیەكی ناشارستانییە هەمیش دەبێتە هۆی دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم هاتووچۆ.
دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی مەوادەكە گیراو و ئامادەكراوە بۆ كۆنكرێت و سەبكردنی خانووەكان، لەكاتی ڕژانی بۆ سەر ڕێگاكان، بە قیڕو كۆنكرێتی شەقامەكەوە دەنووسێت و لابردنی ئاستەم دەبێت، ئەگەر لەكاتی خۆی فڕێنەدرێت و پاكنەكرێتەوە زیانی دەبێت، بۆیە هیوادارین ڕێگری لەم جۆرە دیاردانە بكرێت.
لای خۆیانەوە ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران، ئاگاداری خاوەن بارڵەگرەكان دەكاتەوە، لەلایەن تیمەكانیان ئەو شوێنانەی كە لە لایەن هاووڵاتییان بەكارهاتووە بۆ فرێدانی خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی كەرەستەی خانوو لە شوێنە گشتییەكان و تەنیشت شەقامە سەرەكییەكان، پاك بكرێتەوە و چیتر ڕێگە نادرێت ئەم دیاردەیە دووبارە بكرێتەوە.
سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران ئاگاداری خاوەن خانووەكان و شوفێرانی بارهەڵگریش دەكاتەوە، بە هیچ شێوەیەك بۆیان نییە بە پاشماوەی دار و بەردوی ئەو خانووانەی سەر لە نوێ نۆژەن دەكرێنەوە و لە پاش دروستكردن و تێكدانی خانوو بە جێ دەمێنن لە نزیك شەقامە سەرەكییەكان و شوێنە گشتییەكان فڕێبدەن، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار پێبژاردن دەكرێت و لێپرسینەوەی یاساییش دەگرینە بەرامبەر خاوەن كار و شوفێرەكە.
ئەوەش خراوەتەوە ڕوو: لۆفەكانی ڕێگای كاولۆكان بۆ باپشتیان ( شوێنی فرێدانی زبڵ و خاشاك) بۆ ئەم بابەتە دیاری كراوەو پێوستە پاشماوەی كەرستەی خانووبەرە بگوازنەوە ئەوێ، داواكارین هەموو لایەك هاوكاربن بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها بارهەڵگرانیش كەرستەی خانووبەرە بەشێوەیەكی گونجاو باربكەن، بۆ ئەوەی لە ڕێگاكان نەبێتە هۆی كەوتنە خوارەوە زیان گەیاندن بە شەقام و ئۆتۆمبێل و هاووڵاتییان، هیوادارین هەموو لایەك هاوكاربن.


































































