ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا پەیامی بە حەماس گەیاندووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامەکانی ویتکۆف بۆ حەماس ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.
لای خۆیەوە كەناڵی (كان)ی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، ئەمریکا پرەنسیپەکانی بۆ ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی پێشنیارکراوی گەیاندە حەماس کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوەکان بوو.
جگە لەوەش کەناڵی کان لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، “ئیسرائیل ئامادەیە داگیرکردنی شاری غەززە ڕابگرێت ئەگەر پلان و ویستێكی ڕاستەقینەی پێشکەش بکرێت”.
لە چوارچێوەیەکی دیکەدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە دوو موشەک لە کەرتی غەززەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کران و یەکێکیان ڕێگری لێکرا.
گووتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیچای ئەدرایی لە تویتەر نووسیویەتی: دوابەدوای ئەو ئاگادارکردنەوە کە لە ناوچەی زەرفەکانی غەززە و شارۆچکەی نێتڤۆت چالاک کران، دوو موشەک لە ناوەڕاستی کەرتی غەززەوە بەرەو ئەو شارەی ئیسرائیل ئاراستە كراوە، یەکێکیان ڕێگری لێکرا، ئەوی دیکەیان لە ناوچەیەکی کراوەدا کەوتە خوارەوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لە دەوروبەری شاری غەززە چڕتر بووەتەوە، کە سوپای غەززە بەنیازە دەستی بەسەردا بگرێت بۆ شکستپێهێنانی حەماس و گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی لە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا گیراون.

































































