شەهلا سۆفی- زاری كرمانجی :

توێژەرانی چینی یەكەمین لاستیكی گەرمی كارەبایی جیهانیان دروستكرد كە گەرمی جەستە دەگۆڕێت بۆ كارەبا. ئەم پێشكەوتنە دەتوانێت ڕێگە بە كاتژمێرە زیرەكەكان و ئامێرە لەبەركراوەكانی دیكە بدات بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی خۆیان كاربكەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە پاترییەكی گەورە یان شەحنكردنەوەی زۆر هەبێت.
تیمی توێژینەوەكە ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەو مادە لاستیكیە لەگەڵ گۆڕینی كارەبایی گەرمیدا تێكەڵ دەكات. داهێنانەكە لەسەر بنەماكانی كارەبای گەرمی دامەزراوە، كە دەتوانرێت كارەبا لە جیاوازی پلەی گەرمی بەرهەمبهێنرێت.ئەو لاستیكە كارەباییە گەرمییە دەتوانرێت لە كاتژمێرە زیرەكەكان و شتە لەبەركراوەكاندا بەكاربهێنرێت. زاناكان هەوڵدەدەن سوود وەربگرن لە جیاوازییە بچووكەكەی پلەی گەرمی نێوان جەستەی مرۆڤ و هەوای دەوروبەری بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
لی تینگ، زانای كەرەستە لە زانكۆی پێكین و نووسەری توێژینەوەكە دەڵێت: ئێمە یەكەم گروپین لە جیهاندا كە چەمكی لاستیكی كارەبایی گەرمی پێشنیار دەكەین. لی لە درێژەی قسەكانیدا وتی تیمەكەی بەدوای مادەیەكدا دەگەڕێن كە بتوانێت بچەمێتەوە و بكشێت و بە پێستەوە بلكێت. ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەم جۆرە ئامێرە گەرمیانە ئاسوودەن بۆ لەبەركردن و گۆڕینی وزەی گەرمی جەستە بۆ وزەی كارەبایی بە كەمترین لەدەستدانی گەرمی”. ئاماژەی بەوەشكردووە، لەڕووی تیۆریەوە ئەگەر مادەكە زیانی پێنەگات، دەتوانێت تا كاتێكی نادیار وزە بەرهەمبهێنێت.


































































