
زانـــا مــەلا خــالیــد
رۆژى هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆك بارزانی، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پاركی (ئۆندرێ سیترۆێن)، پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا، زۆر چیرۆك و وێنەی جوان هەبوون كە دیووی شاراوەی سەردانەكەی سەرۆك بوون بۆ فەرەنسا كە رەنگە باشتر وێنای بۆ خەڵك روون نەكرابێتەوە، سەرەتا ئەو پیشمەرگەی كە یاوەری سەرۆك بارزانی و سەرۆكی شارەوانی پاریس بوو، یەكێك بووە لە پێشمەرگە قارەمانەكان كە لەبەرەی پێشەوەی جەنگ لەدژی تیرۆرستانی داعش بووتە قوربانی و ئێستا وەك سیمبولی شەهیدی زیندوو وێنادەكرێت كە بەهۆیەوە هەردوو قاچ و دەست و چاوێكی لەدەستداوه، ئەویش (سەلمان فارس) بوو، ئەوەی لەفەرەنسا بۆ پێشمەرگە كرا، وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لەوێناكردن و پێناسەكردنی خەباتی پیشمەرگە ئەویش بەڕابەرایەتی سەرۆك بارزانی، چونكە پێشووتر وێنای پێشمەرگە تەنیا لەسەر چیاكان و سەنگەرەكانی جەنگ دەكرا، بەڵام ئێستا پێشمەرگە نوێنەرایەتی ئاشتی جیهان دەكات، لەدڵی ئەوروپادا یادی دەكرێتەوە و رێزی لێ دەگیرێت.
ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، لەو ڕێورەسمەدا زۆر مانادارە، چونكە سەرۆك، لەتەمەتی 16 ساڵییەوە چەكی پێشمەرگایەتی لە پێناوی دۆزی رەوای گەلەكەی لەشان كردووه، بەئێستاشەوە كە 63 ساڵی تەمەنی خۆی بەخشیووە بە پێشمەرگایەتی، ئامادەبوونی جەنابی سەرۆك دەرخەری پێگە و مەزنی جەنابیانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئاماژەیەكی ڕوون بوو بۆ گرنگی و بایەخی دەوڵەتێكی مەزنی وەك فەڕەنسا و ڕێزگرتنی لە خەباتی پڕ شانازی پێشمەرگە، ئەمرۆ ئەوەی گرنگ بوو دووبارە سەرۆك بارزانی پەیامی پێشمەرگەی بەجیهان دایەوە و ڕایگەیاند لەشەری تیرۆرستانی داعش پێشمەرگە 12 هەزار قوربانی داوە و لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی كردووە.
سەرۆك بارزانی، بەبیری هێناینەوە كە هەمیشە گەلی كوردستان دۆست و پشتیوانی گرنگی هەبووە لەقۆناغە جیاوازەكاندا، نمونەی (فرانسوا میتێران)، سەرۆكی پێشووتری فەرەنسای هێنایەوەو گوتی: فرانسوا میتێران یەكەم سەرۆكی ئەورووپی بوو لە ساڵی 1992 پێشوازیی لێ كردم ئەمەش مایەی شانازی و سەربەزییە بۆ من، هەروەها یەكەم خانمی ئەورووپیش كە فرمێسكی بۆ قوربانییانی گەلی كوردستان ڕشت، (دانیال میتێران) هاوژینی فرانسوا میتێران بوو، هەرگیز ئەو هەڵوێستەیان لەبیر ناكەین.
لەكاتێكدا كە لەفەرەنسا رێز لە پێشمەرگە دەگیرێت بەهەمان شێوە ساڵانێكە لە هەولێری پایتەخت رێز لەدڵسۆزی و وەفایی (دانیال میتێران)، گیراوە و شوێنی گشتی بەناوەوە كراوە، ئەمە دەرخەری هەبوونی پەیوەندیەكی قوڵی هەردوو گەلی كوردستان و فەرەنسا دەردەخان كە هەردوولا لەئاستی بەها باڵاكانی مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە نەتەوه جیاوازەكان و ئازادی و دیموكراتی تێكۆشانیان كردووە و قوربانیان داوە.
لەدرێژەی گوتارەكەی دا سەرۆك و ڕابەری كوردان، باسی لەوەكرد كە گەلی كوردستان خەباتی لە پێناوی مافی رەوای خۆی كردووە و دەستی ئاشتی و برایەتی بۆ هەموو گەلانی ناوچەكە درێژكردووە، ئەگەر لەروانگەیەكی قوڵی سیاسیشەوە وێنای ئەم ڕێورەسمە بكرێت، هەڵبژاردنی فەرەنسا و دیاریكردنی پاریس وەك ناوەندی گرنگی بڕیاری پایتەختەكانی ئەوروپا و هێزی كاریگەری هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەوەی پیشمەرگە وەك سیمولی ئاشتی و بەرخودان رێزی لێبگیرێت، دەرخەری زۆر واتای سیاسییه، لەوەی كە هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی زۆر باشی لە ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی لەجیهاندا بینووە، بەوەی هەم هاوسەنگی هێزی پاراستووە، هەمیش شەری بەوەكالەتی بۆ هیچ هێزو لایەن و دەوڵەتێك نەكردووە و بەرگری لەدۆزی رەوای گەلی خۆی بووە.
ئەوەی گرنگە جیهان بیزانێت شەڕی داعش نەك نەیتوانی چۆك بە كوردستان دابنێت، بەڵكو بەم دواییانە كوردستان هەنگاوی زۆر گەورەی لەبواری خزمەتگوزاری و پێشكەوتن ناوە، وڵاتانی جیهانی بەخۆیەوە سەرسام كردووە، بەتایبەت هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم، بەسەرۆكایەتی بەرێز مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت كە شۆرشی گەورەی كردووە لە پێشخستنی كەرتی كارەبا ئێستا سەرتاسەری كوردستان نزیكە لەكارەبای 24 كاتژمێری و فەرمانبەرانی كوردستان لەرێگای (هەژماری من ) مووچە وەردەگرن و كەرتی بانكی لە كوردستان پیشكەوتنی گەورەی بەخۆوە بینووە و لەچوار چێوەی هەنگاوە گرنگەكاندا پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای هەولێر و دروستكردنی رێگاو بان و پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ هەموویان شۆرشی گرنگ بوون كە لە ئاستی جیهانەوە پشتیوانی و پیشوازی گرنگی لێكراوە.
كۆتا خاڵ گرنگە كە بیری خوێنەران بهێنرێتەوە، سەرۆك بارزانی لەگەڵ پێشكەشكردنی سیمبولی قارەمانی پیشمەرگە بەسەرۆكی شارەوانی پاریس، لەهەمان كاتدا بەرهەمێكی نایابی خۆماڵی كوردستانی بەدیاری پیشكەش كرد، ئەمەش وەك ئاماژەیە بە هەوڵەكانی كوردستان لە گرنگی فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات كە لەپاڵ پێشكەوتنەكان و خەباتی پیشمەرگە، كوردستان هەنگاوی گرنگی ناوە لە هەناردەكردنی بەرهەمی خۆماڵی و بایەخدان به بەرهەمی ناوخۆیی كە بەو هیوایەین ئەم رێزگرتنە لە خەباتی پێشمەرگە فاكتەری گرنگ بێت لە ناوچەكە بەوەی جیهان پشتیوانی هەرێمی كوردستان بكات تا ببێتە نمونەیەكی باڵا لە ئاستی جیهان و ناوچەكە.

































































