حکومەتی شەرعی یەمەن ڕۆژی هەینی 5-9-2025، کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەوە تۆمەتبار كرد كە بە شێوەی پچڕ و پچڕ گازی ژەهراوی و کەرەستەی بەکارهێنراو لە بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن بە قاچاخ ناردووە.
بەپێی میدیاکانی یەمەن، موعەمەر ئەلئەریانی، وەزیری ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە کە “ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان” دەریدەخەن گرووپی حوسییەکان دەستیان کردووە بە ئامادەکردنی ئەم کەرەستە کوشندانە و دانانی لەسەر مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
جەختیشی لەوە کردەوە : زیادکردنی چەکی کیمیایی بۆ جبەخانەی حوسییەکان ئاستی هەڕەشەکان لە دەرەوەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاسایی بەرز دەکاتەوە و ناوچەکە و جیهان بەرەوڕووی سیناریۆی کارەساتبار دەکات.
ئەلئەریانی زیادی کرد: دانپێدانانی ئەم دواییەی وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دروستکردنی ژێرخانی سەربازی لە وڵاتانی دیکەدا، هاوتەریبە لەگەڵ هۆشدارییە دووبارەکانی حکومەتی یەمەن سەبارەت بە هەوڵەکانی تاران بۆ بەكار هێنانی خەڵكی و كەرەستەی خۆجێیی و سوود وەرگرتن لە بەشێکی بەرنامە سەربازییەکەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان.
وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن زیاتر روونیكردەوە: پڕۆژەکە زۆر گەشەی پێدراوەو یەمەن بووەتە “تاقیگەیەکی نهێنی بۆ بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی کەرەستەی کیمیایی و بایۆلۆجی و بنکەیەک بۆ سوپای پاسداران”.
وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن، بەردەوامیی کۆنترۆڵکردنی حوسییەکان بۆ سەر بەشێک لە وڵاتەکەی، لەوانەش کەناراوەکانی بە “مەترسییەکی پەرەسەندوو” ناوبرد و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش، ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و دەزگا نێودەوڵەتییەکانی دیکە کرد، ڕێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە و لێکۆڵینەوە لە قاچاخچێتی ماددە کیمیاییەکان.
هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پاڵپشتی ڕاستەقینەی حکوومەتی ڕەوای یەمەن بکات بۆ گێڕانەوەی سەروەری بەسەر هەموو وڵاتەکەدا.
































































