ئەژین غەفار
زمانی دایک؛ ئەو زمانەیە کە مرۆڤ هەر لەگەڵ هاتنی بۆ جیهان، بەرکەوتەی لەگەڵ دەبێت. ئەو زمانەیە کە هەتا ئەو کاتەی منداڵ ددانیشی بە تەواوی نەگرتووە؛ هەوڵی ڕیزکردنی وشەکان بەو زمانه دەدات، گوێبیستی دەبێت و لەسەرەتای قۆناغە هەستیارەکانی تەمەن مامەڵەی لەگەڵ دەبێت. زمان کۆڵەکەی ناسنامەی تاک و شوناسی کۆمەڵە. زمانی دایک ئامرازێکە بۆ ناسینەوەی خود و تێگەیشتن لە ژینگەی دەوروبەر و پەیوەندیکردن بە هاوجۆرەکانی خۆت.
هۆشیاری نەتەوەیی بەرە بەرە وا زیاد دەبێت و تاک هەست بە خۆی و شوناسی خۆی دەکات. زمانی دایک و کەلتوور و ئەدەب و مێژووی خۆی دەناسێتەوە و بەراوردی دەکات. کە دەرەنجام، ئێستا بەشێکی خەڵک و کۆمەڵگە هێز و گرینگی زمانی ڕەسەنی دایکییان لەلا گەڵاڵە بووە و هانی ئەوانیتریش دەدەن بۆ پاراستن و ڕێزگرتنی. تا ئێرە، جێگەی خۆشحاڵییە. بەڵام کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کە ڕەوتێک سەری هەڵداوە لە پێناو هێشتنەوەی زمانی دایک و پاراستنی، دژایەتی زمانە بیانییەکانیتر دەکات. بە تایبەتیش زمانی دەوڵەت و نەتەوەکانی دراوسێی هەرێمی کوردستان. لە ڕاستیدا، دەکرێت لەلایەن هەندێک لە نەتەوە و دەوڵەتانی دراوسێ، غەدر لە زمانی کوردی کرابێت، قەدەغە کرابێت و بچووککرابێتەوە بە مەرامی سیاسی. بەڵام لە بنەڕەتدا، ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە هەموو زمانی نەتەوەکانی دونیا ڕێزلێگیراون.
ناکرێت لەپێناو وەفا نواندن بۆ زمانی دایک، بێڕێزی بە زمانی نەتەوەکانیتر بکرێت یان هەوڵی فێربوونی زمانی دووەم و سێیەم نەدرێت. دەکرێت هاوکات کە هۆشیارین بە گرینگی و جوانییەکانی زمانی ڕەسەنی خۆمان، سوود لە زمانەکانیتریش وەرگرین. هەوڵدان بۆ فێربوونی زمانە بیانیەکانیتر، هیچ لە زمانی ڕەسەن کەم ناکەتەوە و بگرە ئاگاییمان بۆ زمانی دایک زیاتر دەکات. لێرە مەبەست ئەوەیە کە ڕێزگرتن و پێزانین بە زمانی دایک یەکسان نییە بە دژایەتیکردن و دوورەپەرێزی لە زمانەکانیتر. ئەوەی ئاشکرایە؛ مێژووی چاپ و سەرچاوەی زانستی بە زمانی کوردی، بەهۆی بارودۆخی سیاسی و جەنگ و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانەوە، درەنگتر لە دەوڵەتانی دراوسێ سەری هەڵداوە و تەمەنی ئەوەندە درێژ نییە. بۆیە لێرەدا، زمانەکانیتر، بە تایبەتی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی یارمەتیدەر دەبن لە بەدەستخستنی ژێدەری زانیاری و توێژینەوەی زانستی و هتد… واتە بە گشتی، زمانە بێگانەکە خزمەت بە تۆ دەکات، نەوەک خۆت خزمەتی زمانەکە بکەیت.
هەروەها، زانینی زمانی دراوسێ و دوژمن، ڕێگەیەکی ژیرانەیە بۆ تێگەشتن لە پاشخانی دەوڵەت و نەتەوەکە و یارمەتیدەر دەبێت لە پێشڤەچوونی پەیوەندییە دەرەکی و دپلۆماسییەکان. دەرەنجام، بە هەموو پێوەرێک، زانین و هەوڵدان بۆ فێربوونی زمانی دەوڵەتانی دراوسێ، بە مانای بێ وەفایی بەرانبەر زمانی ڕەسەنی خۆت نییە و دەکرێت هاوکات کە شکۆی زمانی دایک دەپارێزین، وا بکەین زمانەکانی تریش خزمەت بە خۆمان و زمانەکەمان بکاتەوە.
































































