ن/ بەیان یوسف كوردستانی
زۆربەی هەوڵ دانەكانمان بۆ رازیكردنی كەسانی دەورووبەرمانە، ئەوانەی رۆژانە لەگەڵیان هەڵسووكەوت دەكەین یا لەبەر هەر هۆیە دەیان بینین. ئەمەش زۆر جار لە كارەكان و ژیان تووشی كێشە یا كۆسپمان دەكاتەوە.
زۆر جار بۆ رازی كردنی ئەوی دی، لە دەست پێكی هەر كارێك، بۆ خۆ دەرخستن و سەرنج ڕاكێشانی كەسانی دیكە بێت، خۆمان دەخەینە بارودۆخێكی قورس بەتایبەتی لە بۆنە و ئاهەنگە تایبەتەكانی خێزانی، زۆرجاریش لە بۆنە و شوێنە گشتییەكان.
كاتێك خەڵكانێك بانگهێشت دەكرێن بۆ ئامەدە بوون، ئیتر بەشێكی زۆری تاكی كورد بیری بۆ ئەوە دەچێت چی بكات، چی بپۆشێت، چۆن هەڵسوكەوت بكات، چۆن دانیشێت، چۆن بڕوات تەنها بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵك رابكێشن و لە خۆیان رازی بكەن.
زۆرجار تەنها لە پێناو قسەی خەڵك خێزانی كوردی بیری بۆ ئەوە دەچێت بۆنەكەیان چۆن بڕازێننەوە، تا ئەوانەی بەشدار دەبن و تەنها چەند خولەك یا كاتژمێرێك ئامادە دەبن، خەرجییەكی زۆر دەكەن و زۆرجاریش خۆیان دەخەنە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە، ئەم حاڵەتانە زیاتر لە چوارچێوەی چاولێكەری دەسوورێتەوە، تەنها بۆ ئەوەی ببنە جێگای باسی دەوروو پشت گوایە خەرجییەكی زۆری كردییە، بەڵام هەرگیز بیری لەوە نەكردۆتەوە ئەو كارەی هیچ سوودێكی نییە نە بۆ خۆی نە بۆ كەسانی ئامادە بوو، بە پێچەوانەوە تەنها زیانی بە خۆی گەیاندووە، كاتی ئامادەبووانیشی بە فیڕۆ داوە لەبەر ئەوەی هیچ شتێكی بەسوودی پێشكەش نەكردوون جگە لە خۆ نمایش كردن.
خۆ نمایش كردن بە ئۆتۆمبێل، خانوو، جل و بەرگ، ئاڵتون یا هەر شتێكی نرخی و پێگەی مرۆڤ ناباتە سەرەوە بەڵكو ئەوە رەفتار و بیر كردنەوە و ئاستی رۆشنبیری كەسەكانە شكۆی بۆ دروست دەكات، واتە ئەو كەسانەی خۆیان بە ماڵی دونیا بەسەر كەسانی دیكەوە هەڵدەكێشن جۆرێك لە نەخۆشییان هەیە، لەوانیش نەخۆشتر ئەو كەسانەن كە عەقڵیان لە چاوەكانیاندایە و مرۆڤ بە ماڵی دونیا پێوانە دەكەن نەك ژیری و عەقڵ.
تاكی كراوە و تێگەیشتوو ئەو كەسەیە لە پێناو خۆنمایشكردن سوود بابەتە ماددیەكان وەرناگرێت، بەڵكو هەر ئەوەندەی قسەیەك بكات لە نێو خەڵك و بابەتێك بورووژێنێت، لێوان لێو دەبێت لە شكۆ، واتە بە خۆی بە رووتی نرخی جیهانێكی هەیە.
بەڵام ئەو كەسانەی خۆیان بە ماڵی دونیا دەپێون، ئەگەر رووتیان كەیتەوە و پارەیان پێ نەمێنێت شكۆ و پێگەی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
بۆیە مەزنایەتی مرۆڤ لەوە دایە لە پێناو ئاسوودەیی خۆی و كەسانی دیكە داهێنانی جوانی هەبێت، نەك خۆ نمایش كردن.