موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
لە قەزای ناوەندی سۆران، نرخی نەوتی سپی ماڵان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرز بوونەوەدایە، نەوت فرۆشێكیش هۆكارەكە بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو .
فەرید یەحیا مهاجیر، نەوتفرۆش لە سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ماوەیەكە خواستی زۆر لە سەر نەوتی ماڵان هەیە، بەمەبەستی خۆئامادەكردن بۆ وەرزی سەرما خەڵكێكی زۆر ڕووی لە كڕین كردووە، ئەمەش وای كردووە نرخی نەوت لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا 20 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێك بەرز ببێتەوە .
ئەو نەوت فرۆشە، ئاماژەشی بەوەدا، نەوتی ماڵان چەند جۆرێكی هەیە، باشترینیان نەوتی بەغدایە و ئێمە هەر كرین و فرۆشتن بەو جۆرە نەوتەوە دەكەین، لە ڕۆژانی ڕابردوو، نرخی یەك بەرمیل لەو نەوتە بە 125 هەزار دینار بوو، ئەمڕۆ هەر بەرمیلێكی بۆ 145 هەزار دینار بەرز بۆتەوە .
ئاشكراشی دەكات، جۆرێكی دیكەی نەوت هەیە نرخی 10 هەزار دینار لە نەوتی بەغدا كەمترە، بەڵام خەڵك وەك پێویست نایكڕێت و سودی لێ وەرناگرێت، پێشبینیش دەكەین نرخی نەوت بەرزتر ببێتەوە، بۆیە ئەوانەی پێویستن ئێستا بیكڕن باشتر تا لە وەرزی زستان بە نرخی گرانتر نەیكڕن .


































































