محەمەد ئامۆكەیی – زاری كرمانجی:
لە سنووری ئیدارەی سۆران ئافرەتان داوا دەكەن لەسەر بنەمای تواناو لێهاتووی رۆڵی زیاتریان پێ بدرێت، ئاماژە بەوەدەكەن، لە رابردوو كەمتر بەشداری بە ئافرەتان كراوە و جەختیش لەوە دەكەنەوە، بەشداری پێكردنی ئافرەتان هەنگاوی گرنگ و پێویستن، زاری كرمانجی لەسەر ئەم پرسە بۆ چوونی كەسانی ئەكادیمی و چالاكوانی ئافرەتی وەرگرتووە هەر یەكەو بەجۆرێك دیدی خۆیان دەخەنەڕوو.
د. نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق و چاودێری سیاسی لەسەر ئەم پرسە بۆ زاری كرمانجی دەڵی” بەشداری پێكردنی ئافرەت لە كایە جۆراوجۆرەكانی بەڕێوەبردنی وڵات هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە، چونكە ئافرەت وەك كاراكتەرێك دەتوانێت و توانیەتی ئەدایەكی باش بگێڕێت بەتایبەت ئەگەر لە دەسنیشانكردنی ئافرەت بۆ پۆستە ئیدارییەكان رەچاوی پێوەری دروست بكرێت لەسەر بنەمای لێهاتویی و شایستە بوون و كەسایەتی بەهێز، نەك خوانەخواستەپێوەری دیكە هۆكار بن بۆ دانان و هەڵبژاردنی رەگەزی مێ بۆ پۆستەكان، جگە لەمە ئەركی سەر شانی ئافرەتانیشە بەتایبەت ئەوانەی پێگە و پۆستی جۆراوجۆر وەردەگرن كە حەقی ئەو شوێنە بدەن كە تێیدا خزمەت دەكەن و ئەدایەكی جوان و سەنگین بگێڕن بۆ ئەوەی ببنە نموونەو جێگای متمانەی حكوومەت، حزبەكان بۆخۆیانڕابكشێن بۆ ئەوەی ئافرەتی زیاتر رێگەی بۆ خۆش بكرێت بتوانن لە جۆمگە ئیدارییەكان دابنرێن”.
كوردستان یاسین، چالاكوانێكی سۆرانە لە دەستپێكی قسەكانی هێمای بۆ ئەوەكرد” گرینگترین بەرپرسیاریەتی بەرپرسیاریەتی یەكسانی و تواناییە بەبێ گوێدانە ڕەگەزو و ئاین هەرهەموو جیاوازیێكی تر، بەڕێوەبرنی هاوبەشانەی ئافرەتان و پیاوان لە پۆستە ئیدارییەكان وە ناوەندە بڕیاربەدەستەكان باشترین و ڕایترین كار و مامەڵە دێنێتە بوون”.
ئەو چالاكوانە دەشڵێت” ئیدارەیی سۆران وەك ئیدارەیێكی نوێ پێویستی بە كەسانی شیاو لێهاتووە بۆ بناغەدانان رو ِاپەڕاندنی كاروبارە ئیداریەكانی لەهەموو سێكتەرەكان لەگەڵیشیدا تێكەڵكردنی تواناو لێهاتویی هەردوو ڕەگەزەكان وە پێكهاتەكانی ناوچەكە، لەگەڵ هەبوونی ئەم هەموو پۆستە ئیداریانە لە ئیدارەیی سۆران بە هەرچوار قەزاكەیەوە ئەوەیی زۆر ڕوون و دیار و ئاشكرایە ئەوەیە كە كەمترین ڕێژەیی ئافرەت ڕاسپێردراون بۆ بەڕێوەبردنی پۆستە ئیداری و هەتا لۆكاڵیەكانیش دەتوانین بڵێین لەڕوویی ڕێژەییەوە ڕێژەی ئافرەتان كەمترە لە یەك لەسەر چواری پۆستەئیداریەكان لە هەرچوار قەزاكەدا”.
لەدوا پەیڤەكانیشی دا كوردستان یاسین گووتیشی” لەبینینی ئەم ڕاستیانە زۆر پرسیار دێنە مێشكمان ئایە ئافرەتانمان خۆیان نایەنە پێشەوە؟ ترسیان لەچی هەیە؟ ئایە ئافرەتانمان ئەوتوانایەیان نیە، یاخود تواناكانیان بەهەند هەڵناگیرێن؟ زۆرێك لە پرسیاریتر …
سەرەڕایی هەبوونی خاڵە بەهێزەكانی توانایی ئافرەتان لەڕووی زانستی و كرداری، توانای هزری و بیركۆڵی ئافرتان بۆ زۆرێك لە پۆست و بەرپرسیایەتی باشتر و دروستانەترن لە پیاوان، توانایی باشتریان هەیە بۆ ڕاپەڕاندن و ڕاییكردن وە ئیدارەدانی كارەكانیان، هەبوونی ئەم نادادیە لەڕوویی دابەشكردنی پۆستە ئیداریەكان، وە ئەم كەم بایەخی و گرینگی نەدانە بە هێزو و تواناو لێهاتویەكانی ئافرەتان لەم سنوورە هیچ چاوەڕوانكراو نەبووە، چونكە سۆران وەك كوردستانێكی بچوك لەڕووی جوگرافیەوە خەڵكی هەرچوار پارچەكەی لەهەرچوار قەزا ڕەنگاڵەكانی كۆكردونەتەوە بەبێ گوێدانە هیچ جیاوزیێكی ئاینی و كلتووری وە بنەماڵەیی و پێكهاتەیی، ئەمەش مانایی ئەوە دەگەیەنێت كە دابەشكردنی پۆستە ئیداریەكان لە ئیدارەیی سۆران نادادی تێدایە و سود لە تواناو لێهاتویی ئافرەتان وەرنەگیراوە.
ژاڵە عێزەدین، چالاكوانێكی تری ئیدارەی سۆرانەو چەند ساڵێكە وەك داكۆكی كاری ژن رۆڵی هەبووە، رایدەگەیەنێت” ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سیمایەكی پیاوانەی هەیە لەرووی ئیدارەییەوە ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە تەواوی بڕیار بەدەستان و بەڕێوەبەرانی دامەزراوە حوكمیەكانی ئەم سنوورە لەلایەن پیاوانەوەن بەڕێژەیەكی زۆركەم ژن بوونی دەبینرێت لە یەكە ئیداریەكانی سەربەخۆی سۆران، لە ماوەی رابردوو سۆران گۆڕانكاری لە ناوو گۆڕینی بەڕێوبەرەكانی كرا سۆران لە قەزایەك بوو بە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، ئەمەش بۆ خەڵكی ناوچەكە جێگای دڵخۆشین و بەگرینگ لەم گۆڕانكاریانە دەڕوانن و بەوەی دەستەلاتەكان شۆڕببنە خوارەوە، كورسی و دەستەلات دەستاو دەستی پێبكریت رۆتینات كەمبكرێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە هاووڵاتیانی ئەم ناوچەیە بكرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەدیموكراسی بوونی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە كە چوار قەزاو ١٧ناحیە لەئیدارەی سۆران هەن و هەڵكەوتەی جوگرافیای شوێنەكە فراوانە و لەرووی زانستی و ئەكادیمی خاوەنی زانكۆ و چەند پەیمانگایەك و كۆلیژی تەكنیكین و چەندین بەڕێوبەرایەتین، كە لە زۆربەی شوێنەكان بەڕێوبەرەكان پیاون و لەلایەن پیاوان بەڕێوە دەبرێن ئەگەر پێشتر هەشبێت ژن لە پۆستی قایمقام بێت یاخو بەڕێوبەری شوێنیك بێت بەمەست بێت یاخودبێ مەبەست گۆڕدراون ئەوشوێنانە ئێستا پیاو تێیدا بەڕێوبەری دەكات”.
لەبەردەوامی قسەكانی دا ژاڵە عێزدەین، باس لە توناكانی ژنان دەكات و زیاتر گووتی” لەبەر ئەوەنیە كە ژنان لێرە خاوەن تواناو ئیرادەی خۆیان نەبن بەپێچەوانەوە ژنان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەسەردەمی شۆڕشەكان و كوردایەتی كاروباری سیاسی و ڕێكخراوەیی هەمیشە خاوەنی مەبدەئو بیروڕای خۆیان بوونە بە هەست و بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەر رووداوەكان هەڵوێستی گرینگ و مەردانەیان هەبووە، بەشداری پێكردنی ژنان لە پۆستە ئیدارییەكان زۆر گرینە، چونكە ژنان لە كاروباری ئیداریش سەركەوتوو بوونەو كەمترین گەندەڵی لەوشوێنانەن كەژن تێیدا بەڕێوبەری دەكات.