ئەندامێكی کۆنگرێسی ئەمریکا، هەموارکردنەوەیەکی بۆ یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا (NDAA) پێشکەش کردووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، و بە هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکای وەسفکردووە.
جۆو ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: “خۆشحاڵم بە پێشکەشکردنی ئەم هەموارکردنەوەیەی یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی بۆ پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک هاوبەشێکی ستراتیجیی گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکان.”
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە.
هەروەها نووسیویەتی: “کێڵگە نەوتییەکان، بەوانەشەوە کە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، چەندینجار کراونەتە ئامانج، کە بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و ناچارکردنی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان، یەکێک لە هێرشە درۆنییەکانی بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەیەکی نەوتی لە پارێزگای دهۆک، لە کاتێکدا یەکێکی دیکە کێڵگەی خورمەڵەی کردە ئامانج لە نزیک هەولێر.”
باسی لەوەش كردووە، كە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چاودێرە نێودەوڵەتییەکان ئیدانەی هێرشەکانیان کردووە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵیی عێراق وەڵامێکی ڕوونی نەداوەتەوە.
ویڵسن و یاسادانەرانی دیکەی ئەمریکا بەغدایان تۆمەتبار کردووە بە ڕێگەخۆشکردن یان چاوپۆشیکردن لەو میلیشیایانەی کە ئێران پشتیوانییان دەکات، بەتایبەتی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بە ئەنجامدەری هێرشەکان دادەنرێن. هەروەها ئەم کۆنگرێسمانە بەڵێنی داوە فشار بکات بۆ دەرکردنی یاسایەکی ئەمریکی کە یارمەتیی دارایی بۆ عێراق دەبڕێت، مەگەر واز لە یارمەتیدانی دارایی ئەو جۆرە گرووپانە بهێنێت و بە فەرمی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناویان بهێنێت.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی گەورەی وزەی بە بەهای نزیکەی 110 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی HKN Energy و WesternZagros واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانی میران و تۆپخانە – کوردەمیر. ئەم وەبەرهێنانانە بایەخی زیاتریان بە داواکارییەکان بۆ گەرەنتیی ئەمنی بەهێزتر داوە.
بە گونجاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە لەناو یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکادا، ویڵسن ئامانجی ئەوەیە نیشانی بدات کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کوردستان تەنها هێمایی نییە، پێشنیازەکە دەکرێت ببێتە هۆی یارمەتیی ڕاستەوخۆی سەربازی یان ئەمنی بۆ پاراستنی کێڵگەکانی نەوت و گازی کوردستان، لە هەمان کاتدا گوشار بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی کورد بە جددیتر وەربگرێت و پێداچوونەوە بە ناکۆکییەکانیدا بکات لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

































































