بابەتی هەشتەم:زانكۆ لە بەخشینی بڕوانامەوە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی كارساز

كامەران ئیبراهیم شێروانی ـ مامۆستای زانكۆ
لە بابەتی پێشوودا، ئاماژەمان بەوە كرد كە چۆن دەتوانین تۆوی عەقڵییەتی دەستپێشخەری لە قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی و دواناوەندیدا بچێنین. بەڵام ئەو تۆوە بۆ ئەوەی گەشە بكات و ببێتە دارێكی بەردار، پێویستی بە ژینگەیەكی لەبار هەیە لە قۆناغی زانكۆدا. بەداخەوە، زانكۆكانی ئێمە لەبری ئەوەی ببنە ئەو ژینگە لەبارە، زۆرجار وەك قەڵایەكی ئەكادیمیی دابڕاو كار دەكەن كە دیوارێكی ئەستوور لە نێوان خۆیان و بازاڕی كاری ڕاستەقینەدا دروست دەكەن. قوتابیەك دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتای و ناوەندی و دواناوەندی بە دەیان هیوا و بیرۆكەی نوێوە دەچێتە زانكۆ، دوای چوار ساڵ خوێندنی تیۆری و لەبەركردن بۆ تاقیكردنەوە و دەرچوونی، جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ هەمان عەقڵییەتی چاوەڕوانی. بۆ گۆڕینی ئەم هاوكێشەیە، پێویستە زانكۆ لە ناوەندێكی بەخشینی بڕوانامەوە بگۆڕین بۆ شوێنی پێگەیاندن و بنیاتنانی كارساز. ئەمەش لە ڕێگەی سێ ڕیفۆرمی سەرەكییەوە دەكرێت:
یەكەم: ڕووخاندنی دیوارەكانی نێوان زانكۆ و بازاڕ :
گەورەترین كێشەی سیستەمی ئەكادیمیی ئێمە ئەوەیە كە بووەتە دوورگەیەكی دابڕاو. قوتابی چوار ساڵ تیۆری و مۆدێلی ئابووریی جیهانی دەخوێنێت، بێ ئەوەی یەك ڕۆژ وەك بەشێك لە خوێندنەكەی سەردانی بازاڕی ئەو شارە و شوێنە بكات كە زانكۆكەی لێیە تا لە نزیكەوە ئاشنای كێشە و دەرفەتە ڕاستەقینەكانی ناوچەكەی خۆی بێت. چارەسەر لێرەدا، دروستكردنی پردێكی پتەوی پەیوەندییە لە نێوان زانكۆ و كەرتی تایبەتدا، لە ڕێگەی چەند هەنگاوێكی بچووك و كاریگەر دەكرێت ئەم خاڵە بپێكین:
- پڕۆژەی دەرچوونی ڕاستەقینە: لەبری ئەوەی پڕۆژەی دەرچوونی قوتابیان بریتی بێت لە توێژینەوەیەكی تیۆری كە لە كتێبخانەدا تۆزی لێ دەنیشێت، دەبێت بكرێتە پڕۆژەیەكی كرداری بۆ چارەسەركردنی كێشەی كۆمپانیایەك یاخود پڕۆژەیەكی بچووكی بازرگانی ناوخۆیی. بۆ نموونە، قوتابییەكی بەشی ژمێریاری دەتوانێت پڕۆژەكەی بریتی بێت لە داڕشتنی سیستەمێكی ژمێریاریی سادە بۆ دوكانێكی ناو بازاڕ. قوتابییەكی ئەندازیاریی كشتوكاڵی، پلانی پەرەپێدانی بەرهەمی جووتیارێكی ناوچەكە دابڕێژێت. بەم شێوەیە، قوتابی فێری مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی ڕاستەقینە دەبێت و خاوەنكارەكانیش سوود لە زانستی نوێی زانكۆ وەردەگرن.
- مامۆستای میوان لە بازاڕەوە: پێویستە لە ڕێگەی سێمینار یاخود دەكرێت بەشێك لە وانەكان لەلایەن خاوەنكار و بەڕێوەبەرە سەركەوتووەكانی ناوچەكەوە پێشكەش بكرێن، چونكە كاتێك خاوەنی كارگەیەكی ناوخۆیی ئەزموونی خۆی لەسەر سەركەوتن و شكستهێنان بۆ قوتابیان دەگێڕێتەوە، كاریگەرییەكەی یەكجار زیاترە لە خوێندنی دەیان كتێبی تیۆری.
دووەم: دامەزراندنی ژینگەیەكی پڕاكتیكی بۆ داهێنان :
زانكۆ دەبێت ببێتە ئەو شوێنە سەلامەتەی كە قوتابی بتوانێت بیرۆكەكانی تێدا تاقی بكاتەوە بەبێ ترسی لەدەستدانی سەرمایە و یاخود ترسی شكست. ئەمەش لە ڕێگەی دامەزراندنی یەكەی ڕاهێنان و داهێنانی كارساز لەناو زانكۆكاندا. ئەم یەكانە سێ ئەركی سەرەكییان دەكەوێتە ئەستۆ:
- دابینكردنی شوێن و ئامێری سەرەتایی: دابینكردنی ئۆفیسێكی بچووك، هێڵی ئینتەرنێت، و چەند كۆمپیوتەرێك بۆ ئەو قوتابیانەی كە بیرۆكەیەكیان هەیە و دەیانەوێت كاری لەسەر بكەن.
- ڕاهێنان و ڕاوێژكاری: پێشكەشكردنی وۆركشۆپی كرداری لەسەر بابەتەكانی وەك ،چۆن پلانی كار دابڕێژم؟، و چۆن بەرهەمەكەم بناسێنم؟، یاخود بنەماكانی بەڕێوەبردنی دارایی. هەروەها دابینكردنی مامۆستای ڕاوێژكار كە بەردەوام سەرپەرشتیی پڕۆژەی قوتابییەكان بكات.
- تۆڕسازی: بەستنەوەی قوتابییە خاوەن بیرۆكەكان بە سەرمایەدار و خاوەنكارەكانی دەرەوەی زانكۆ، تاوەكو لە داهاتوودا بتوانن پشتگیریی دارایی بۆ پڕۆژەكانیان بەدەست بهێنن.
سێیەم: پێناسەكردنەوەی ڕۆڵی مامۆستای زانكۆ و پڕۆگرامی خوێندن :
سیستەمی ئێستا وا لە مامۆستای زانكۆ دەكات كە تەنها ببێتە گەیێنەری زانیاری. قوتابیش دەبێتە وەرگر و پاشان ئەو زانیارییانەی وەریگرتووە لەسەر پەڕەی تاقیكردنەوە دەنووسێتەوە و نمرەی دەرچوون بەدەست دەهێنێت. ئەم پرۆسەیە دەبێت بگۆڕدرێت.
مامۆستا دەبێت لە وتاربێژەوە ببێتە ڕاهێنەر، ئەركی سەرەكیی نابێت تەنها شیكردنەوەی كتێبەكان بێت، بەڵكو دەبێت هاندانی قوتابی بێت بۆ بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە، كاركردنی بەكۆمەڵ، و بەڕێوەبردنی پڕۆژە.
وە هەروەها ناكرێت و نابێت چیتر پڕۆگرامەكانی خوێندن كۆمەڵێك كۆرسی داخراو و نەگۆڕ بن. دەبێت ڕێگە بە قوتابی بدرێت كە لەگەڵ كۆرسە سەرەكییەكاندا، چەند كۆرسێكی هەڵبژاردە لە بەشەكانی تر وەربگرێت نەك لە نێو پڕۆگرامی بەشەكەی خۆی. بۆ نموونە، قوتابییەكی بەشێكی جیاواز بتوانێت كۆرسێك لەسەر بنەماكانی بازاڕكردن لە كۆلێژ یاخود سكوڵی كارگێڕی بخوێنێت.
ئەمە یارمەتیی دروستبوونی تیم و پڕۆژەی هاوبەشی نێوان بەشە جیاوازەكان دەدات، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا كرۆكی پێكهێنانی هەر ستارتئەپێكە.
لە كۆتاییدا، ئەگەر زانكۆكانمان بتوانن ئەم هەنگاوانە بنێن، ئەوا دەرچووی زانكۆ لە كۆتایی خوێندنەكەیدا، لەبری ئەوەی پرسیاری “لە كام وەزارەت دابمەزرێم؟” بكات، پرسیاری “چ كێشەیەك لەم كۆمەڵگەیەدا هەیە كە من دەتوانم چارەسەری بكەم؟” دەكات. ئەو كاتە، بڕوانامەی زانكۆ لە پارچە كاغەزێكەوە دەبێتە ناسنامەی كەسێكی دەستپێشخەر و چارەسەرساز.
لە بابەتی داهاتوودا، لە چوارچێوەی ئەكادیمیا دێینە دەرەوە و تیشك دەخەینە سەر ڕۆڵی حكومەتی خۆجێی لە دروستكردنی ژینگەیەكی گشتیی لەبار بۆ گەشەكردنی كارسازی و پشتگیریكردنی ئەو گەنجانەی كە دەیانەوێت لە چاوەڕوانییەوە هەنگاو بنێن بەرەو دەستپێشخەری.


































































