موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
شەش ساڵ بەر لە ئێستا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، رەزامەندیان نیشاندا بۆ كردنەوەی دەروازەیەكی فەرمی لە نێوان سیدەكان و شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام تا ئێستا نەكراوەتەوە. زاری كرمانجی زانیاری نوێ لەسەر كردنەوەی دەروازەكە دەخاتەڕوو.
هەفتەی رابردوو، وەفدێكی دیكەی كۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆكایەتی محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوای كۆماری ئیسلامی ئێران (ئورمیە)، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لە لایەن هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی حاجی ئۆمەران، پێشوازیان لێكرا، لە كۆبوونەوەیەكدا، كە هەریەك لە نەسرووڵا ڕەشنودی، سەركۆنسووڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران و جێگرانی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی باڵای هەردوولا ئامادە بوون، پتەوكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەنگاوەكانی كردنەوەی دەروازەی كێلەشین، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانیان بوو.
بەگووتەی چین و توێژ و شارەزایان، كردنەوەی دەروازەی كێلەشین، بۆ هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگە و كاریگەری باشی ئابووری دەبێت، بە تایبەت لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كەلوپەل و پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتییان و چوون و هاتنی گەشتیاران، دەبێتە بازاڕێكی بەرفراوان لەنێوان ئیدارەی سۆران لەگەڵ ئورمیە و رۆژهەڵاتی كوردستان، ئاڵوگۆڕێكی بارزگانی گەورەی تێدا بەڕێوەدەچێت.
لەو بارەیەوە، هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بەرلەوەی سۆران بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، لە نێوان پارێزگاری ئۆرمیە و هەولێر رێكەوتنێكی 16 خاڵی بە مەبەستی پتەوكردنی بزاڤی بازرگانی واژۆكراوە، كە یەكێك لە خاڵەكان باس لە كردنەوەی دەرەوازەی كێڵەشین دەكات لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئێران لە دەڤەری برادۆست .
بە گووتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سۆران، دوای بە ئیدارە كردنی سۆران، رێوشوێنەكانی كردنەوەی دەروازەی كێڵەشین كەوتۆتە ئەستۆی ئیدارەی سۆران، بۆیە بە هەماهەنگی وڵاتی ئێران دەست بە جێبەجێ كردنی رێكارەكان دەكەین، هەفتەی رابردوو، ئەو شاندەی وڵاتی ئێران سەردانی سۆرانیان كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا باس لە بەهێزكردنی بزاڤی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دۆزینەوەی میكانزمێكی گونجاو بۆ بەهێزكردنی ئەو بوارە كراوە لە نێوان هەردوولا، بە تایبەت لە هامووشۆكردن و سەردانی كردنی گەشتیاران و زیارەتكارانی ئێران لە رێگەی مەرزی حاجی ئۆمەران.
گووتیشی:” ئێرانییەكان حەز بە كردنەوەی مەرزی كێڵەشین دەكەن و پێداگری لەسەر جێبەجێ كردنی ئەو بڕیارە دەكەن، بێگومان كردنەوەی ئەو دەروازەیە، سوودی زۆر بۆ ئێران و هەرێمی كوردستانیش دەبێت، بۆیە وەك ئیدارەی سۆران كاری رژدی لەسەر دەكەین و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ كردنەوەی مەرزی كێڵەشین”.
لای خۆیەوە، غەیدا بێڕۆخی، مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە بواری ئابووری و كارگێڕی، بە زاری كرمانجی گووت” كردنەوەی مەرزی كێلەشین لە هەموو رووێكەوە سوودی باشی ئابووری بۆ دەڤەری برادۆست و دانیشتووانانی و دواجار بۆ هەرێمی كوردستانیش دەبێت، كردنەوەی مەرز لەو ناوچەیە دەبێتە هۆی بووژانەوەی دەڤەرەكە لەرووی كۆمەڵایەتی و ئابووریەوە و گەشەكردنێكی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، لەهەمانكاتدا ئاسانكاری لە هاتووچۆ و جموجۆڵی بازرگانیش دروست دەبێت.
بیڕۆخی، دەڵێت:” دانیشتووانانی ئەو ناوچەیە سوودمەند دەبن، لە بڕی ئەوەی رێگەیەكی دیكەی دوور ببڕن و بە دەروازەیەكی تردا تێپەڕبن ئەوە لە ناوچەكەی خۆیان دەگەن بە دیوی وڵات و هاتووچۆی گەشتیاری و كۆمەڵایەتی ئەنجام دەدەن.
ئەو مامۆستایە، ئاشكراشی دەكات:” كردنەوەی دەروازەی كێلەشین، هەلی كاری باش و جۆراوجۆر دەڕەخسێنێت، هاووڵاتییان بە تایبەت ئەوانەی هیچ سەرچاوەیەكی داهاتییان نییە، دەتوانن كاری بازرگانی بكەن و هەلی كاریان بۆ دەڕەخسێت، داهاتێكی باشی ناوخۆیی بۆ وڵاتیش لە رێگەی وەرگرتنی باج و گومرگی تیپەڕبوونی دەروازە پەیدا دەبێت، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی، كردنەوەی هەر دەروازەیەكی سنووری لە هەرێمی كوردستان، گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە كە جگە لە بووژانەوەی ئابووری و جمووجۆڵی بازرگانی هەلی كاریش بۆ هەزاران خەڵكی بێكاری سنوورەكە سودمەند دەبن، ئەمە لە كاتێكدایە، ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانیش دەكەونەگەڕ بۆ گواستنەوەی كاڵاو شمەكی هاوردە و هەناردە، بەپێچەوانەشەوە لەدیوی رۆژهەڵاتی كوردستانیش خەڵك سوودمەند دەبن.
كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان تا ئێستا، سێ دەروازی فەرمی و شەش دەروازەی نافەرمی هەیە كە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری تێدا دەكەن، ساڵانە بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە نزیكەی شەش ملیار دۆلارە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، جەختی لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزكردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین كردەوە.
پارێزگاری هەولێر، دەڵێت:” لەتەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەماندا، لەپێناو بەهێزكردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەكردنەوەی خاڵی سنووری سیدەكان -شنۆ كرا، بۆ ئەو پرسەش هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر كاركردنی هاوبەش و تەواوكردنی هەموو ئەو ڕێوشوێن و میكانیزم و ڕێكارانەی كە بۆ ئەو مەبەستە دیاریكراون.
ئومێد خۆشناو، روونی كردەوە:” لە ماوەی رابردوو ڕێككەوتنامەیەكی (16) خاڵی لە نێوان ئێمە و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە) واژۆكرا و لەگەڵ شاندی ئێران باسی دەقی رێككەوتنامەكەمان كرد، 60% خاڵەكانی لەلایەن هەردوولاوە جێبەجێكراوە، دواتر گفتوگۆ لەبارەی خاڵی (10)ی ڕێككەوتننامەكە كرا كە تایبەتە بە گەشتكردنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەكانی عێراق لە دەروازەكانی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین لەرێگەی كۆمپانیاكانی گەشتیاری هەردوو وڵات بەپێی ڕێكار و ڕێنماییەكانی بەركاری هەردوو وڵات كە بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوو دەست پێ بكات.
گووتیشی:” بۆ پیشوازی لە گەشتیارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەكانی عێراق لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێریش ئامادەین هەموو ئاسانكارییەكیان پێشكەش بكەین، دڵنیا دەكەینەوە كە پاراستنی سەلامەتی ئەوان لە هاتن و چوونیان لەئەولەویەتی كارەكانی ئێمەیە”.
سیدەكان لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، ساڵی 1932 بووەتە ناحیە و یەكێكە لە ناحیە گەورە و كۆنەكانی كوردستان، خاوەنی 250 گوندە و رێژەی دانیشتووانانی 20 هەزار كەسە، سیدەكان، كەوتۆتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان وڵاتانی عێراق، ئێران، توركیا و شوێنێكی لەبارە بۆ كردنەوەی مەرزی سنووری لە نێوان وڵاتانی توركیا و ئێران”.