” پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەست پێدەكاتەوە “
دیدار- زاری كرمانجی
سەرۆكی شارەوانی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی تیشكدەخاتە سەر كارو پڕۆژەخزمەتگوزارییەكان و هەوڵەكانیان بۆ چارەسەر كردنی كێشەی موڵكداری و دابەشكردنی زەووی و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست.
ئەندازیار بژار سەعید، سەرۆكی شارەوانی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: لەپێناو ئاسانكاری زیاتر و خزمەتكردن بە هاووڵاتییان، وەك سەرۆكایەتی شارەوانی دەستەڵاتەكانمان شۆڕكردووەتەوە بۆ بەشەكانی خوارەوەمان، ئەوەش وادەكات ئیش و كارەكانی هاووڵاتییان زووتر ڕایی بكرێن، واتە هەر بەشەی شارەوانیمان بەپێی پسپۆری خۆیان ماڵەكانیان بۆ ڕایی بكەن.
سەرۆكی شارەوانی سۆران، گووتیشی: زۆربەی ئەو هاووڵاتییانەی سەردانمان دەكەن كارەكانیان پەیوەستە بە زەووی و زار، واتە بوونی كێشەی زەووی و زار لە شاری سۆران سەرەكییە، لەگەڵ دەستبەكاربوونم وەك سەرۆكی شارەوانی سۆران، دەستمان كردووە بە ئەنجامدانی خزمەتگوزاری جۆراو جۆر، بەتایبەت دوورخستنەوەی ئەو پاشماوانەی خاشاك و كەرستانەی كە لە پاڵ ڕێگا سەرەكییەكانی سنوورەكەمان فڕێدرابوون و ئاستەنگییان لەبەردەم هاتووچۆ دروست كردبوو، هەروەها سیمایەكی ناشارستانی بەخشی بوو، بەتایبەتیش چەند ڕێگایەكی دەروازەكانی شار، هەروەها دابەشكردنی قۆناغی یەكەمی حاوییەی زبڵدان لەناوشار، هەنروەها قوتاغی دووەمیش دەست پێدەكەین.
سەبارەت بە بوونی ئاژەڵان لە كۆڵان و گەڕەكەكانی شار، ئاماژەی بەوەدا: هەرچەندی كاری ئێمە نییە، بەڵام دەستمانكردووە بە قەدەغەكردن و گرتنەبەری ڕێكارەكانی یاسایی بەرامبەر بە ئاژەڵداران، هیوادارین خاوەن ئاژەڵانیش هەست بە بەرپرسیارییەتی بكەن و چیتر ئاژەڵە ماڵییەكانیان بەڕەلڵای ناو كۆڵان و گەڕەك و شەقام و شۆستەكانی شار نەكەن، چونكە هەم زیان بە ژینگەو سەوزایی شار دەگەیەنن، هەمیش دەبنە هۆی بێزار كردنی هاووڵاتییان.
سەرۆكی شارەوانی سۆران، ئاشكراشی دەكات: لەم هەفتەی ڕابردوو لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی شارەوانییمان بە بەشداری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجامدا، زیاتر مەبەستمان پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بوو بە هاووڵاتییان، هەروەها ڕاكێشانی وەبەرهێنەران بۆ شاری سۆران، لە كۆبوونەوەكەدا ئەوانەو چەندین پرسێكی دیكەی گرینگ گفتووگۆیان لەسەر كرا.
لە وڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی تائێستا تەواو نەكراون پلان و بەرنامەی شارەوانی چییە؟ ئەندازیار بژار سەعید، ئاماژەی بەوەدا: وەك خەمخۆرییەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، دەستی بە هەڵمەتێك كردووە، گەشبینین بەوەی كە دەست بە جێبەجێ كردنی پڕۆژەخزمەتگوزارییەكان بكەینەوە.
سەرۆكی شارەوانی سۆران، زانیاری لەبارەی دابەشكردنی زەوی بۆ ئەو كەسانەی ڕێنماییەكان دەیان گرێتەوە، خستەڕوو: وەك سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران چەند شوێنێك دەستنیشان كراون بۆ دابەشكردنی زەووی، بەڵام بەهۆی كێشەیی موڵكداری تائێستا نەتوانراوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شوێنانەی دیاریمان كردوون لەبارن بۆ دابەشكردنیان، بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشەو گرفتانە لە بەرنامەو پلانماندایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و خاوەن موڵكەكان چەند كۆبوونەوەیەك ڕێكبخەین و قسەی لەبارەیەوە بكەین، ئەگەر كێشەكە چارەسەر نەبوو بیر لە ڕێگە چارەیەكی دیكە دەكەینەوە.
لە دوا قسەكانیدا ئەندازیار بژار سەعید، لەبارەی زێدەڕۆییەكان ڕایگەیاند: بە هەماهەنگی لەگەڵ قائیمقام و پۆلیسی شارەوانی سۆران بەرنامەیەكی توكمەمان دەستپێكردووە، بۆ بنبڕكردنی زێدەڕۆییەكان و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بەو كەسانەی ئەنجامی دەدەن.


































































