
محەممەد مەحموود- سۆران :
لە مانگی ڕابردوو کارەکانی تیمی پڕۆژەی رووناکی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستی پێکرد و یەکەم شوێنیش قەزای ناوەندی سۆران بوو کە تیمەکان لێی دەستبەکاربوون، دوای چەند ڕۆژێک کارکردن ئێستا بەشێوەی ئەزموونی کارەبای قەزای ناوەندی سۆران بۆتە 24 کاتژمێری.
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران تایبەت بە زاری کرمانجی راگەیاند” دوای تەواو بوونی کارەکانی تیمی پڕۆژەی رووناکی لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، ئێستا زیاتر لە 48 کاتژمێرە بەشێوەی ئەزموونی کارەبا بۆتە 24 کاتژمێری ، ئەمەش بۆ ئەوەیە بزاندرێت هەر گرفتێکی تەکنیکی هەبێت چارەسەر بکرێت و دواتر بەفەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگێینێت کەوا ئیدارەی سۆران بۆتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری”.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، ئاماژەی بەوەشدا ” کاری تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامەو کارەکان لە رواندزیش تەواو بوونە دوای رواندز، تیمەکان دەچنە سنووری وەرتێ و گوندەکانی، لە هەر شوێنێک کاری تیمەکان تەواو بێت بە شێوەی ئەزموونی کارەبای دەبێتە 24 کاتژمێری دوای تەواو بوونی کاری تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی لە تەواوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەوجا حکومەتی هەرێم بەفەرمی رایدەگێینێت کەوا ئیدارەی سۆران کارەبای بۆتە 24 کاتژمێری.
بەپێی زانیارییەکانی زاری کرمانجی تا کۆتایی مانگی 10 کارەکانی تیمی پڕۆژەی رووناکی لە ئیدارەی سۆران تەواو دەبێت.


































































