ئەمڕۆ سێشەممە 2-9-2025، سکۆت باسنێت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سزاکانی سەر تۆڕێكی قاچاخی نەوتی ئێرانی لەژێر پەردەی کۆمپانیایەکی عێراقیدا ڕاگەیاند.
ماڵپەڕی ئێندێپێندێتی فارسی نووسیویەتی، بەگوێرەی زانیارییەکانی (باسنت)، وەلید سامڕایی، بازرگانێکی عێراقی و خاوەنی ڕەگەزنامەی دوورگەکانی کیتس و نێڤیسی کاریبییە، تۆڕێکی نەوت هەڵگر و کۆمپانیا بازرگانییە دەریاییەکانی بەڕێوەبردووە کە نەوتی ئێرانیان بە قاچاخ دەفرۆشتە کڕیارانی بیانی.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سەروەت و سامانی وەلید سامڕایی داخراوە و حەوت کۆمپانیا و نۆ نەوت هەڵگری نێو تۆرەكەی سزادراون.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت، ئەڵقەی قاچاخچی، بە تێکەڵکردنی نەوتی ئێران و عێراق، بووەتە هۆی فرۆشتنی نایاسایی نەوتی ئێران و ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ ئێران دەستکەوتووە.
ئەم گەمارۆیانە لە چوارچێوەی سیاسەتی زۆرترین گوشار لە دژی ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی و پشتیوانی لە گرووپە تووندهاژۆكان و بریکارەکان و درێژەدان بە سزاکانی پێشووی ئەمریکا دەسەپێنرێن.


































































